بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، یەزدان خەزایی شارۆمەندی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان لە ئەندامانی بنەماڵەکانی دادخواز، دوای بانگ کرانی بۆ دادگای شۆڕشی شاری شەهریار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
یەزدان خەزایی برای عرفان خەزاییە کە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ خەرمانانی ١٤٠١، لە جەریانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شەهریار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت گیانی لە دەستدا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئێحسان خەزایی و ندا کەرگەر لە رێکەوتی ٢٣ی پوشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی شەهریار دەستبەسەر کراون.
ئەم دەستبەسەر کردنانە لە هەلومەرجێکدا ڕوویان داوە کە بنەماڵەی خەزایی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری بەدواداچوون بۆ دادپەروەری و ڕون بوونەوەی ڕاستیەکان لە سەر کوژرانی عرفان خەزایی لە ژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی هێزە ئەمنیی و دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوون.