رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قوڵی خۆیی بە نسبەت چڕبوونەوەی سەرکوتی دەوڵەتی لە ئێران دوای رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل لە رێکەوتی ١٣ی ژوەنی ٢٠٢٥ دەردەبڕێت .
بەڵگەنامە باوەڕپێکراوەکان نیشاندەری زیاد بوونی بەرچاوی دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان ، دادگایی کردنی نەهێنی و شاراوە ، ئەشکەنجە و دەر کردنی سزای سێدارەن ، بە تایبەتی لە دژی شارۆمەندانی کورد و کەمینە ئەتنیکیەکانی دیکە .
لە رێکەوتی ٢٥ی ژوەنی ٢٠٢٥، سێ زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئاڵی ، ئازاد شوجاعی و ڕەسوڵ ئەحمەد ڕەسوڵ لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دران . بە پێی ڕاپۆرتە جێی متمانەکان ، ئەم لە سێدارەدانانە بەبێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکان ، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و لە سەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام دراون . کەڵک وەرگرتن لە سزادانی سێدارە لە وەها دۆخێکدا ، بنەما بنەڕەتیەکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە بەپێی مادەی ١٤ی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکان کە ئێرانیش ئەندامیەتی پێشێل دەکات .
ئەم لە سێدارەدانانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوانتری سەرکوتکردن ، لە کاتی ئاگربەستەوە تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە ٧٠٠ کەسیان دەستبەسەر کردووە ، لەوانەش چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی ، شارۆمەندانی کەمینە ئەتنیکیەکان و بە کار هێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە زۆرتر ڕووبەڕووی تۆمەتی گشتی و ناڕون وەک “هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمن” یا “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بوونەتەوە . زۆربەی دەستبەسەر کراوان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر ، چاوەدێری پزیشکی و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و مەترسی ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێیان لە سەرە کە ئەم کارانە پێچەوانەی مادەی ٧ی رێککەوتننامەی iccrp و کۆنواسیۆنی نەهێشتنی ئەشکەنجەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە ، کۆنواسیۆنێک کە ئێران واژۆی کردووە بەڵام تا ئێستا پەسندی نەکردووە .
جگە لەوەش ، بە کارهێنانی هەڵاواردنانەی سزای لە سێدارەدان بەرامبەر کەمینە نەتەوەییەکان بە تایبەتی کورد ڕەنگدانەوەی نەخشێکی لە مێژینەی سەرکوتی ئیتنۆسیاسیە کە چەندین جار لە لایەن ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و میکانیزمە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤەوە ئیدانە کراوە .
هانا داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەکات :
· دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕابگرن بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ئەنجامی دادگایکردنێکەوە سزایان بۆ دەردەکرێت کە پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن؛
· ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بە پاساوی سیاسی یان نەتەوەیی دەستبەسەرکراون ، یان تۆمەتەکانیان لە ڕێوشوێنی دادوەری شەفاف و دادپەروەرانەدا ببیسترێت؛
· گەرەنتی دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێی دەستگیرکراوەکان بە پارێزەر و چاودێری پزیشکی و سەردانی خێزانەکانیان ؛
· مەرجەکانی دەستبەسەرکردن و شێوازەکانی لێکۆڵینەوە بخەنە ژێر چاودێری سەربەخۆ لەلایەن ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ڕێکخراوە ناحکومییە باوەڕپێکراوەکانەوە
· کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی تاکەکەسی و دانپێدانانی زۆرەملێ و لێکۆڵینەوەی ورد لە هەموو ڕاپۆرتەکان لە سەر مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستبەسەر کراوان بکرێت .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و حکومەتە بەرپرسەکان دەکات ڕێکاری دیپلۆماسی و یاسایی بەپەلە بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران و پشتیوانی لە مافەکانی ئەو گرووپانەی کە لە مەترسیدان بکەن .
ئێمە هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ژێر سەرکوت لە ئێران دەردەبڕین . کەرامەتی مرۆڤ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ڕزگار بوون لە ئەشکەنجە هەرگیز نابێت بکرێتە قوربانی تەنانەت لە کاتی قەیرانی سیاسیشدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
جنێڤ
٢٦ی ژوەنی ٢٠٢٥