نیگەرانی هانا لە سەر دۆخی دۆسیەی مێهراب عەبدوڵڵازادە بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە لە سێدارەدان لە دادگای باڵای وڵات

بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ، تانەدانی مێهراب عەبدوڵڵا زادە بەندکراوی سیاسی کورد لە دژی سزای سێدارە ڕەوانەی لقی نۆی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە .

مێهراب عەبدوڵڵازادە ، تەمەن ٢٧ کوڕی محەمەدئەمین ، خەڵکی ئاوایی “خوشاڵان”ی ورمێ و دانیشتووی شەهرەکی وەلیعەسر ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی” و “بەشداری لە کوشتنی بە ئانقەست”ی ئەندامێکی بەسیج بە ناوی “سێد عەباس فاتمیە” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە .

سزاکە لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ١٤٠٣ ، لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم شارۆمەندە ڕاگەینراوە .

مێهراب عەبدوڵڵازادە لە رێکەوتی “٣٠ ڕەزبەری ١٤٠١” لە شەهرەکی وەلیعەسری ورمێ لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی شاراوەی ئەمنییەتی لە ورمێ ڕاگوێزرابوو . ئەو لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنیەتیەکانەوە بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی کراوە . دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ لە دادگایەکی تەواو نادادپەروەرانەدا، بێ ئەوەی کە لە کەمترین مافە ناسراوەکان بۆ تۆمەتبارێک بەهرەمەند بێت تەنانەت بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە .

شایانی باسە بنەماڵەی ناوبراو لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە توندی گوشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی سەبارەت بەم بابەتە هیچ هەواڵ و زانیاریەک بڵاو نەکەنەوە .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیی لە سەر دۆسیەی مێهراب عەبدوڵڵا زادە داوا دەکات قازی نەجەفزادە سەرۆکی لقی یەکی دادگای ورمێ بە هۆی پێشێلکردنی مافی تۆمەتبارانی سیاسی و دەرکردنی سزای سێدارە بە تایبەت دوای شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی ، گەمارۆی بخرێتە سەر و لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە داوا و دادگایی بکرێت .

لە دۆسیەکەی مێهراب عەبدوڵڵا زادەشدا قازی نەجەفزادە بەبێ هیچ جۆرە ئیمکانێکی بەرگری شایستە لە پێڕاگەیشتنێکی تاوانکاریدا سزای سێدارەی دەر کردووە . پێشتر هانا بۆ یەکەمجار وێنە و پێشینەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی قازی نەجەفزادەی بڵاو کردووەتەوە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین