ڕاپۆرتی ئاماری هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥

ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان .

شایانی باسە ئەو ئامار و زانیاریانەی کە لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کۆکراونەتەوە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە قوربانیان ، بنەماڵەکان و داتا بەردەستەکان ئامادە کراوە و لە لایەن سەرچاوە سەربەخۆکانی دیکەوە پشتڕاست کردنەوەی تەوایان بۆ کراوە . بەم پێیە ئامارەکە تەنیا شمولی کەسانێک دەکات کە هانا بە تەواوەتی دەتوانێت ناسنامەکانیان پشتڕاست بکاتەوە .

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا ، لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، لانیکەم ١٢٢ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون ، ١٥ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون ، ١٤ بەندکراو بە ٣٧٦ مانگ بەندکران سزا دراون و ٢ بەندکراو سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێنراوە . هەروەها ٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار کوژراون و ٦ کۆڵبەر کوژراو یا بریندار بوون . ٢ شارۆمەند بە هۆی تەقینەوەی بریندار و توشی زیانی جددی بوون .ئاماری خۆکوژیش گەیشتووەتە ڕادەیەکی زۆر بەرز و جێی نیگەرانیە بە شێوەیەک کە لانیکەم ١٦ کەس لە مانگی ژانویە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە .

دەستبەسەر کردنەکان :

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، لانیکەم ١٢٢ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون . بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا زۆربەی ئەم دەستبەسەر کردنانە بە شێوەی خۆسەرانە و نایاسایی ئەنجام دراوە و کەسەکان بەبێ هیچ جۆرە بانگ کردنێک یا بڕیارێکی دادگا دەستبەسەر کراون .ئەم ژمارەیە تایبەتە بەو کەسانەی کە ناسنامەکانیان بۆ هانا سەلمێنرابێت . بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەر دەستدان زۆربەی ئەم دەستبەسەر کردنانە لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران ، چالاکی مەدەنی ، چالاکی ژینگە پارێزی ، مافی ژنان و چالاکی میدیایی بووە . بە پێی ئەم ئامارە ٨ کەس لە دەستبەسەر کراوان ژن و باقیەکەیان پیاو بوون .

سێدارە :

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، لانیکەم ١٥ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لەم ژمارەیە ٩ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست ، ٤ کەس بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان و ٢ کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە سێدارە دراون .

سزای بەندکراوان :

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، بۆ ١٤ کەس سزای ٣٧٦ مانگ بەندکران دەرچووە . لە مانگی ژانویە بۆ ٢ بەندکراو سزای سێدارە دەرچووە . وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی سیاسی (بەغی) سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە .

کۆڵبەران :

بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، لانیکەم ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو یا بریندار بوون . لەم ژمارەیە کەسێک بە هۆی ڕووداوی سرووشتی کوژراوە ، کەسێک بە هۆی ڕووداوی سرووشتی بریندار بووە و چوار کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار بوون .

خۆکوشتن :

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، لانیکەم ١٦ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان زۆرتر بە هۆی هەژاری و بێکاری کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە . بە گوێرەی ئاماری هانا ٦ حاڵەتی خۆکوشتنەکان ژن و ١٠ کەسیشیان پیاو بوون .ئەم خۆکوژیانە زۆرتر بە هۆی کێشەی خێزانی ، هەژاری و بەشێکیشیان هۆکاریان نادیارە .

کرێکاران :

لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، لانیکەم ٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە .تەقینەوەی مین :لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ، دوو کەس بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون .

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ٢ی فێوریە

٢٠٢٥بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئەماژەدان بە سەرچاوەکە ئازادە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین