ناوەندی ئاماری ریکخراوەی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی ئاپریلی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە
بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لە خۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت
بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٦ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون ، لانیکەم ٤٧ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ١٢ بەندکراو بە ٧٩ ساڵ بەندکران سزا دراون ، ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو ، بریندار و دەستبەسەر کراون ، دوو شارۆمەند بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوون ، دوو کرێکار تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە و لانیکەم ١٠ کەس خۆیان کوشتووە .
دەستبەسەرکران :
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٤٧ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەبێ هیچ جۆرە حوکمێکی دادگا و بەڵگەیەکی ئاسایی ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ٣٧ کەس لەم شارۆمەندانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پشتڕاست کراوەتەوە کە پێشتر بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، چالاکی مەدەنی ، هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی و دوو کەسیش بە تاوانی چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون ، بە پێی ئەم ئامارە سەرجەم دەستبەسەر کراوەکان پیاون .
سزاکانی بەندکراوان :
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، لانیکەم بۆ ١٢ بەندکراو کۆمەڵێک سزای درێژ ماوەی بەندکران و هەر وەها سزای نەختی دراوە کە ئەم ١٢ بەندکراوەیە لە کۆی گشتیدا بە ٧٩ ساڵ بەندکران سزا دراون .
سێدارە :
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٦ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون ، سێ کەس بە تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان ، دوو کەس بە تاوانی کوشتنی بە ئانقەست و ئەنوە خزری بەندکراوی ئایینی پاش ١٤ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی موحاربە لە سێدارە درا .
کۆڵبەر :
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کوژراو ، بریندار و دەستبەسەر کراون . لەم ژمارەیە ٥ کەسیان کوژراون ، ٤ کەسیان بە ناوەکانی هێمن ئەحمەدی ، شوانە ئەحمەد پوور ، سەیوان دەست ئەفکەن و ئومید سەیدی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراون و کۆڵبەرێکیش بە ناوی مێهرداد عەبدوڵڵا زادە بە هۆی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە گیانی لەدەستداوە . بە پێی ئەم ئامارە ٢٦ کۆڵبەریش بریندار بوون کە ناسنامەی ٢٠ کەسیان بۆ هانا سەلمێنراوە . لەم ژمارە ١٨ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون ، ٥ کۆڵبەر بە ڕووداوی سروشتی بریندار بوون و کۆڵبەرێک بە ڕووداوی هاتووچۆ لە ئاکامی ڕاودوونان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە بریندار بووە . لە نێوان بریندارەکاندا ٤ منداڵی کۆڵبەر بە ناوەکانی میلاد رەحیمی ، پارسا حسێنی ، سەهەند و ماهان مورادی بوونیان هەیە . لە مانگی ئاپریڵ سێ کۆڵبەریش لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون .
خۆکوژی :
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٠ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە . لە نێو خۆکوژییەکاندا ٥ حاڵەتیان پیاو و ٥ کەسیشیان ژن بوون و ٢ کەسیان خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون . ئەم خۆکوژیانە زۆربەیان بە هۆی کێشەی خێزانی و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارە بوون .
کرێکار :
لە مانگی ئاپریلی ٢٠٢٤ ، دوو کرێکار بە هۆی ڕووداوە کار گیانیان لەدەستداوە ، هەروەها ٤ کرێکار تووشی ڕووداوی شوێنی کار بوون و بە قورسی بریندار بوون .
مین :
لە مانگی ئاپریلیش مینەکانی بە جێماو لە شەڕی ئێران و عێراق و هەر وەها مینە تازە داندراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە سنوورەکان بەردەوام قوربانی دەگرێت لەم مانگە شارۆمەندێکی ژن خەڵکی گیلانگەرب بە هۆی تەقینەوەی مین کوژرا و پیاوێکی خەڵکی سەقزیش بریندار و کەمئەندام بووە .
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٣ی مەی ٢٠٢٤
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەچاوەکە رێگاپێدراوە .