ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بوونە قوربانی.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی لە پارێزگاکانی کوردستان
ئەمەی لە خوارە دەیبینن راپۆرتێکی ٣ مانگەیە لە بارودۆخی کۆڵبەرانی قوربانی لە کوردستان کە ٣ مانگی زستانی ١٣٩٩ یا بە واتەیەکی تر ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ لە خۆ دەگرێ کە بە هەوڵی بەشی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئامادە کراوە.
ئەم ئامارە کۆکراوەی هەموو ئەو راپۆرتانەیە کە لە لایەن هەموو هاوکارانی رێکخراوی هانا لە ناوخۆی کوردستانی ئێرانەوە رەوانە کراوە. هەڵبەت بە دڵنیایی بە هۆی دۆخی داخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی زاڵ بە سەر ئێران و کوردستاندا ئەمە ئاماری هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە خۆ ناگرێ بەڵام تا ئەو جێگایەی کراوە هاوکارانی ئێمە هەوڵیان داوە بۆ تۆمار کردنی راپۆرتی زیاتر.
چاوخشانێکی کورت:
کۆی گشتی هەواڵەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە سەر کۆڵبەران لە کوردستان لەم ٣ مانگەدا ٥٢ رووداو تۆمار کراوە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، لە ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ یا ٣ مانگی زستانی ١٣٩٩دا سەرجەم ٥٢ کۆڵبەر بوونە قوربانی کە لە باری رەگەزەوە گشتیان نێرینە بوون. لەم ژمارەیە ٢٥ کەس گیانی خۆیان لەدەستداوە و ٢٧ کەسیش بریندار بوون.
بە پێی هەر ئەم راپۆرتانە، لەم ژمارە قوربانییە، ٣٨ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکراون کە لەم ژمارەیە ١٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٢٥ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها لە کۆی ١٢ کۆڵبەر کە لە ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا گیانیان لەدەستداوە، ١١ کەسیان بە هۆی بەفر و سەرما و هەرەسی رنوو، یا هەڵدێران لە بەرزاییەکانەوە و بەربوونەوەیان بۆ ناو ئاوی چۆماوەکان لە کاتی راوەدوونان و تەقەی هێزەکانی حکومەتی ئێران گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکیش بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەستداوە.
بە پێی هەر ئەم ئامارە، بە پێی دابەشکردنی جوغرافیا، لە کۆی ئەم ٥٢ کۆڵبەرەی بوونە قوربانی، ٢٢ کەس لە پارێزگای سنە، ١٦ کۆڵبەر لە پاریزگای ورمێ و ١٤ کۆڵبەریان لە پارێزگای کرماشان بوون.
بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی هەرێمی و کەش و هەوای پارێزگاکانی کوردستانی ئێران و هەروەها هەڵکەوتنیان لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق و تورکیە و هەرێمی کوردستان، دابینکردن و رەخساندی هەلی کار بە کەڵک وەرگرتن لەو پتانسێلانە و هەروەها بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بواری دیکە، دەکرێ هەلومەرجێک بڕەخسێنی کە ئیتر خەڵکی ئەم ناوچانەی کوردستان روو نەکەنە کۆڵبەری.