بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ سزای ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیریی “دکتۆر نەبی ئومێدی” هاووڵاتیی خەڵکی مەلەکشایی و دانشیاری ئابووری لە زانکۆی پەیامی نووری ئیلام، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلامەوە وەک خۆی پەسەند کرا، کە بەپێی یاسای توندترین سزا، پێنج ساڵ لەم سزایە جێبەجێ دەکرێت.
هانا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دکتۆر نەبی ئومێدی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە لە پەیوەندی لەگەڵ پشتگیریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و بە تۆمەتگەلێکی وەک “کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئاسایشی نیشتمانی و پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات” سەرجەم بە ٩ ساڵ زیندان سزا درابوو.
جگە لە زیندان، سزای تەواوکاری کە بریتین لە دەرکردن و بێبەشکردن لە زانکۆی پەیامی نووری ئیلام، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات، دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەکردنی چوونە ناو شاری مەلەکشایی بەسەریدا سەپێنراون. سزای دوورخستنەوەی ناوبراو لە زانکۆش جێبەجێ کراوە.
دکتۆر نەبی ئومێدی ئێوارەی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەگەڵ براکەی بە ناوی “عەلی ئەکبەر ئومێدی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی دراوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە کە لە ئەنجامدا دەست و لووتی تووشی شکان ببوون.
شایانی باسە کە ناوبراو دوای کێشانی ٣٠ ڕۆژ زیندانیی تاکەکەسی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و بێبەشبوون لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئیلام کرا و سەرئەنجام لە خاکەلێوەی ١٤٠٥دا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
