بەیاننامەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەبۆنەی ٣٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی زیندانیانی سیاسی

٣٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی زیندانیانی سیاسی، وەبیرهێنەرەوەی خۆڕاگریی ئەو مرۆڤانەیە کە بەهۆی بیروباوەڕ و دژایەتیی سیاسی لە ئازادی بێبەش کراون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەم بۆنەیەوە، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ تەواوی زیندانیانی سیاسی و بیروباوەڕ لە ئێراندا، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان، سزای قورس و بەکارهێنانی میکانیزمە سزایییەکان بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی دەردەبڕێت. لەم نێوەندەدا، بەربڵاویی دەستبەسەرکردن و حوکمە سیاسییەکانی هاووڵاتییانی کورد، هاوتەریب لەگەڵ دۆخی نیگەرانکەری زیندانیانی سیاسیی بەلووچ، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران، سەرنجی تایبەتی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەخوازێت.

لە یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤدا، زیندانیی سیاسی ناونیشانی تاوانێک نییە، بەڵکوو چەمکێکە ئاماژە بە سروشت یاخود پاڵنەری سیاسیی زەوتکردنی ئازادی دەکات. هەبوونی بیروباوەڕی جیاواز، ڕەخنەگرتن لە حکوومەت، چالاکیی سیاسی و مەدەنیی ئاشتییانە و داواکردنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان، لە بنەڕەتدا بە تاوان دانانرێن. دەوڵەت ناتوانێت بە لکاندنی ناونیشانی ناڕوونی ئەمنی بەم چالاکییانەوە، قەدەغەکردنی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە پشتگوێ بخات. هەر جۆرە بەدواداچوونێکی سزایی دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتێکی دیاریکراو، بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی و بەڵگەی باوەڕپێکراو بێت و لە پرۆسەیەکی سەربەخۆ و دادپەروەرانەدا، بە ڕەچاوکردنی تەواوی مافەکانی بەرگریکردن، لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.

دۆزینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاماژە بە بەربڵاویی ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنیی و دادوەرییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەم ڕێکخراوەیە، لە ساڵی ۲۰۲۵دا لانیکەم ٨٢٧ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، لەوانە ٥٦ ژن و ٢٩ منداڵ، تۆمار کراوە. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶یشدا هانا دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٥٤٠ هاووڵاتیی کورد و لەسێدارەدانی ١٠ کەسی لە دۆسیەگەلێکدا کە سروشتێکی سیاسی یان ئەمنییان هەبووە، بەڵگەدار کردووە. ئەم ئامارانە تەنیا ئاماژە بە حاڵەتە تۆمارکراوەکانی دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدان دەکەن و نابێ لەگەڵ کۆی گشتیی ژمارەی زیندانیانی سیاسیی لە حاڵی حوکمداندا بە یەک دابنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەربڵاویی ئەم حاڵەتانە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە شێوازی دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوەی دادوەری، پێویستیی چاودێریی سەربەخۆ بەسەر کارکردی دامودەزگا ئەمنیی و دادوەرییەکان لە کوردستان دەردەخات.

بەردەوامیی ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسی، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی و فەرهەنگیی کورد، بەتایبەت لەو دۆسیانەی پەیوەستن بە چالاکییە ئاشتیخوازانەکانەوە، پرسیاری جدی سەبارەت بە ڕەچاوکردنی بنەمای یەکسانی و قەدەغەکردنی هەڵاواردن لە جێبەجێکردنی دادپەروەریی تاوانکاریدا دەورووژێنێت. کۆمیتەی نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ۲۰۲۴دا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە هەڵاواردنی پێکهاتەیی دژ بە کۆمەڵگە نەتەوەیی/ئەتنیکی و ئایینییەکانی ئێران و بەکارهێنانی یاسا و ڕێساکانی تاوانکاریی ناڕوون بۆ سنووردارکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان دەربڕیوە. هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناسنامە یان بیروباوەڕی سیاسیی کەسەکان نابێتە بنەمای گومانی تاوانکاری و داواکردنی مافە فەرهەنگییەکان و بەشداریی سیاسیی یەکسان، بەتەنیا نابێتە مۆڵەتێک بۆ ڕاوەدوونان و سزادان.

دۆخی زەینەب جەلالیان، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لە ڕیزی دۆسیە دیارەکانی زیندانیانی سیاسیی کوردە کە هانا بەدواداچوونی بۆ کردوون. دەرکردنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای پێشوو لە دیوانی باڵای وڵات، نیگەرانیی جددی لەبارەی ڕەچاوکردنی گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پاراستنی مافی ژیان دروست دەکات. بەردەوامیی بێسەروشوێنی لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی خالید بەرزنجییش پێویستیی لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ڕاپۆرتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ناوبراو پێشان دەدات. لە پاڵ ئەم دۆسیانەدا، ڕاپۆرتەکانی هانا سەبارەت بە لەسێدارەدانی عامر ڕامش، زیندانیی سیاسیی بەلووچ، و شەش زیندانیی عەرەب لە ئەهواز، گرنگیی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە ڕەوتە دادوەرییەکان و گەرەنتیی پاراستنی یەکسان لە مافەکانی زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا وەبیر دەهێننەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پابەندە بە ڕێزگرتن لە مافی ئازادیی تاکەکەسی، قەدەغەکردنی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ئازادیی دەربڕین و ڕێکخراوبوون و یەکسانی لە بەرامبەر یاسادا. پەنابردنی گشتی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، دەوڵەت لە جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە نابەخشێت. بەپێی ماددەی ٦ی پەیماننامەکە و لێکدانەوەی لێژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو وڵاتانەی کە هێشتا سزای لەسێدارەدانیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، جێبەجێکردنی تەنیا لە تەسکترین چوارچێوەی پەیوەندیدار بە قورسترین تاوانەکان کە توخمی کوشتنی بەئەنقەستیان تێدایە ڕێگەپێدراوە. دەرکردنی سزایەکی لەو شێوەیە لە ئەنجامی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا، بە پێشێلکردنی مافی ژیان هەژمار دەکرێت. هیچ تۆمەتێک، بێ گوێدانە سروشتەکەی، ناتوانێت ئەشکەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ یان بێبەشکردنی تۆمەتبار لە مافی بەرگریکردنی کاریگەر پاساو بدات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ‌مەرجی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە تەنیا بە هۆی بیروباوەڕ یان چالاکییە ئاشتیخوازانەکانیانەوە زیندانی کراون. ئەم ڕێکخراوە هەروەها جەخت لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان، پێداچوونەوەی سەربەخۆ بە دۆسیە سیاسییەکان، دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی دەستبەسەرکراوان بە پارێزەری هەڵبژێردراو، بنەماڵە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، و لێکۆڵینەوەی کاریگەر لەسەر بانگەشەکانی ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دەکاتەوە. لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە پێشێلکارییە جیدییەکانی مافی مرۆڤ، وەڵامدەرەوەبوونی بەرپرسان و دەستەبەرکردنی مافی قوربانییان بۆ دادخوازی و قەرەبووکردنەوەی کاریگەر، لە پێداویستییە پابەندکەرە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتن.

هانا داوا لە میکانیزمەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە پاڵ بەدواداچوون بۆ دۆخی سەرجەم زیندانیانی سیاسیی ئێران، سەرنجی تایبەت بدەن بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی کورد و هاووڵاتیانی دیکەی کە لەژێر مەترسیی ڕاوەدوونان و سزای جیاکارییانەدان.

داکۆکیکردن لە مافی زیندانیانی سیاسی، بێ گوێدانە بیروباوەڕ، پەیوەستبوونی سیاسی یان ناسنامەی ئەوان، پابەندییەکە کە لە جیهان داگریی مافەکانی مرۆڤ و بنەمای یەکسانی لە بەرامبەر یاسادا سەرچاوەی گرتووە. سەرنجی تایبەت بە دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردیش بە واتای لەپێشینەدانانی مافی کۆمەڵگەیەک بەسەر کۆمەڵگەیەکی دیکەدا نییە، بەڵکوو وەڵامێکە بۆ بەربڵاویی حاڵەتە بەڵگەدارەکانی پێشێلکردنی مافەکانیان. هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت تەنیا دژایەتیی سیاسی بە تاوان هەژمار بکات، یان بە گۆڕینی چالاکییە ئاشتیخوازانەکان بۆ تۆمەتی ئەمنیەتی، شەرعییەتی یاسایی بە سەرکوتکردن ببەخشێت. پاراستنی ئازادییە سیاسییەکان پێویستی بەوەیە کە مافی دژایەتیکردنی دەسەڵات، بەبێ ترسی دەستبەسەرکردن و سزا، بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین