ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار بووەتەوە کە حوکمی لەسێدارەدانی لەیلا ئەبولحەسەنی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵ و دایکی دوو کچی مێرمنداڵ، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاهینشاری ئەسفەهان، لە دیوانی باڵای وڵاتدا هەڵوەشاوەتەوە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە بۆ دادگا گەڕێندراوەتەوە.
خاتوو ئەبولحەسەنی ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی شاهینشار، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی دەوڵەتئابادی ئەسفەهان گوازرایەوە. ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی پێنجەمی دادگای شۆڕشی ئەسفەهان بە سەرۆکایەتیی دادوەر وەحید هیمەتنەژاد، بە تۆمەتی «محاربە» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
دەزگای دادوەری ناوبراوی بە بەشداریکردن لە ئاگرتێبەردانی یەکێک لە فرۆشگا زنجیرەییەکانی «ئوفوقی کورووش» تۆمەتبار کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، کەسوکاری خاتوو ئەبولحەسەنی ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە و وتوویانە کە ئەو لە کاتی وێنەگرتن لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەدا دەستبەسەر کراوە. تا ئێستا دەقی تەواوی دادنامە و ئەو بەڵگانەی دادگا پشتی پێ بەستوون بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە بڵاو نەکراونەتەوە.
شایانی باسە کە حوکمی لەسێدارەدانی خاتوو ئەبولحەسەنی دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشاوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە رەوانەی دادگا کراوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی کاتی لێکۆڵینەوەی دووبارە و ئەنجامی کۆتایی لەبەردەستدا نییە.
