ڕاپۆرتی هانا لە سەر بەردەوامی دەستبەسەری درەخشان رەحیمی بە تۆمەتی سیخوڕی و ئازادی کاتی رزگار و ئیدریس رەحیمی

بە پێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤(١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)، دوو برا بە ناوەکانی رزگار و ئیدریس ڕەحیمی کە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیار تمەن، بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە ئازاد کراون.

شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ٧ی پوشپەڕی ١٤٠٤(٢٧ی ژوئیەی ٢٠٢٥) ئیدریس و ڕزگار ڕەحیمی لەگەڵ خوشکەکەیان درەخشان ڕەحیمی خەڵکی شاری سنە، بەبێ هیچ جۆرە فەرمانێکی دادوەری و بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و هەبوونی پێوەندی لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون.

بە پێی زانیاری سەرچاوەکانی هەنا، درەخشان ڕەحیمی ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و پاشان ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، لەم بەندیخانەیەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ناوبراو لە ساتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانی لەوانە مافی پەیوەندیکردن و سەردانی خێزانەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
لەم بارەیەوە هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە نادیاری باری یاسایی ئەو، داوا دەکات مافی بەرگریی تۆمەتبارێک لەوانەش دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری پێبدرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین