جێبەجێ کرانی سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی سێ زیندانی لە زیندانی ناوەندی ورمێ

هانا : شەوی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی سێ زیندانی بە ناوەکانی “هادی ڕۆستەمی ، کوڕی ناسر ، خەڵکی مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام ، مەهدی شاهیوەند، کوڕی عەلی خەڵکی لۆڕستان و مەهدی شەرەفیان” کوڕی مۆحێبعەلی، خەڵکی شاری خوڕەماوا ، لە زیندانی ناوەندی ورمێ جێبەجێ کرا.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە ؛ ئەم سێ زیندانیە دوای بانگ کران بۆ دەفتەری حەرەسیاتی زندان و بەستنی دەست ، قاچ و چاویان ، بۆ ژوری جێبەجێ کرانی سزا ڕاگوێزراون .

لە درێژەدا دوای لێدانی دەرزی بەنج ، سزای بڕینەوەی قامکەکانیان بە بەکارهێنانی دەزگای گیوتین جێبەجێ کراوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، جێبەجێ کرانی سزا بە ئامادەبوونی “پەیمان خانزادە سەرۆکی زیندانی ورمێ و سەعید نوری” جێگری دادستان ئەنجام دراوە.
ئەم سێ زیندانیە لە یەک دۆسیەی هاوبەشدا لە رێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، لە لقی ١ی دادگای کەیفەری یەکی تایبەتی منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ دادگایی کران و بە هۆی ئەنجامدانی چوار جار دزی کردنی ، بە بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاست لە بنەوە بە شێوەیەک کە قامگی شەست و کەفی دەستیان بمێنێتەوە و لێسەندنەوەی داراییە دزراوەکان سزا درابوون .

ئەم حوکمە لە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، بەم سێ زیندانیە ڕاگەینرا و لە رێکەوتی ٢١ی گوڵانی ١٣٩٩، لە لقی ١٣ی دادگای باڵای وڵات پەسند کرا.

لە حوکمی دادگای باڵادا هاتووە کە بڕیارەکە بەڵگەدارە و هەروەها تانەکەی تۆمەتباران هیچ لایەنێکی مادەی ٤٦٤ی یاسای دادوەری تاوانکاری ناگرێتەوە . بەم پێیەش ئەو حوکمە پشتڕاست کرایەوە و بە مەبەستی جێبەجێ کران ڕەوانەی لقی جێبەجێ کاری سزاکانی دادگای ورمێ کرا.

پێشتریش لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سزایەکی هاوشێوە بۆ دوو برای زیندانی بە ناوەکنی مێهرداد و شەهاب تەیموری ، کوڕی حوسێن ، خەڵکی سەپێڵی زەهاو ، لەم زیندانە جێبەجێ کرابوو .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا مەحکوم کردنی جێبەجێ کرانی سزادانە جەستەییەکان بە تایبەتیش بڕینەوەی ئەندامانی جەستە ، ئەم کردەوەیە بە نمونەی ڕوونی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و پێچەوانەی کەرامەتی مرۆیی ، دەزانێت .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین