ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جێبەجێکردنی بڕیاری ٧٤ زەربە قامچی دژی پەرەستوو ئەحمەدی، گۆرانیبێژی ئێرانی، و چوار کەس لە ستافی کۆنسێرتی «کاروانسەرا» بە توندی سەرکۆنە دەکات و بە کردەوەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی، ئازادیی ڕادەربڕین و قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجەی دەزانێت.
بەپێی لێدوانەکانی مستەفا نیلی، پارێزەری دادوەری، بڕیاری قامچیلێدانی پەرەستوو ئەحمەدی، سوهەیل فەقیھنەسیری، ئەمین تاهیری، ئەمیرعەلی پیرنیا و موحسین لەشکەری، ڕۆژی دووشەممە ٢ی سەرماوەز، لە دادسەرای قوم جێبەجێ کراوە؛ بڕیارێک کە تەنیا بەهۆی بەشداریکردن لە کارێکی هونەریدا دەرچووە.
هانا جەخت دەکاتەوە کە قامچیلێدان لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا هیچ پێگەیەکی وەک سزایەکی شەرعی نییە، بەڵکوو نموونەیەکی ئاشکرای ئەشکەنجە و ڕەفتاری دڕندانە، نامرۆڤانە و سووکایەتیپێکەرانەیە. جێبەجێکردنی بەئەنقەستی توندوتیژیی جەستەیی دژی مرۆڤ، ئەویش بە فەرمانی دەسەڵاتی دادوەری و بە مەبەستی سزادان، پێشێلکردنی ڕوونی ماددەی ٧ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە؛ پەیماننامەیەک کە ئێران پابەندە بە ڕەچاوکردنی. هیچ یاسایەکی ناوخۆیی، بڕیارێکی دادوەری یان پاساوێکی ئایینی ناتوانێت قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجە پێشێل بکات یان شەرعییەت بەم جۆرە ڕەفتارە بدات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە قوم ڕوویداوە، جێبەجێکردنی دادپەروەری نییە؛ بەڵکوو سەپاندنی توندوتیژیی ڕێکخراوی دەوڵەتییە لە ژێر پەردەی سزای دادوەریدا. بەتاوانناساندنی چالاکیی هونەری و سەپاندنی قامچی بەسەر هونەرمەنداندا، دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و داهێنانی هونەری و نیشانەیەکە لە بەردەوامیی سەرکوتکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەتایبەتی مافەکانی ژنان لە ئێراندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای سەرکۆنەکردنی بڕیاردارانەی ئەم کردەوەیە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی قامچیلێدان و سنووردارکردنە پێشێلکەرەکانی مافی مرۆڤ لەم دۆسیەیەدا، قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانییان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بڕیاردەر و جێبەجێکاری ئەم بڕیارانە دەکات.
ئەشکەنجە بە دەرچوونی بڕیاری دادوەری ماهییەتی خۆی لەدەست نادات؛ قامچیلێدان، تەنانەت ئەگەر لە یاسای ناوخۆییشدا بە ڕێگەپێدراو دابنرێت، هەر بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ دەمێنێتەوه
