لێدانی ٥٠ قامچی بۆ ماچ کردنێک؛ سزادانی ژنێک لە قوم

بەپێی دادنامەیەک کە گەیشتووەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لقی ۱۱۹ی دادگای تاوانەکانی دووی قوم، ژنێکی بە تۆمەتی (پەیوەندیی ناشەرعی و کردەوەی دژ بە عیفەت) بە لێدانی ۵۰ قامچی مەحکووم کردووە.

بنەمای حوکمەکە، سکاڵای هاوسەری ژنەکە و ڤیدیۆیەکی ئاهەنگی لەدایکبوونە لە کافتریایەکدا کە بەپێی بانگەشەی دادگا، ماچکردن و لەئامێزگرتنی پیاوێکی دیکە نیشان دەدات.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی ۶۳۷ و ۶۳۸ی یاسای سزادانی ئیسلامی ڕەفتاری کەسیی ژنێکی کردووەتە بابەتی ڕاوەدوونانی کەیفەری و بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تەکنیکیی دیاریکراو سەبارەت بە ڕەسەنایەتیی ڤیدیۆکە لە دەقی دادنامەکەدا، نکۆڵیکردنی تۆمەتبارەکەی بە (بێ‌بنەما) داناوە.

ئەم شێوازی ئیستدلالە جیا لەوەی پرسیاری جیدی لەسەر هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان و بنەمای بێتاوانی دروست دەکات، نیشاندەری دەستێوەردانی دەزگای دادوەرییە لە هەرێمی تایبەتی و سەپاندنی کۆنترۆڵی کەیفەری بەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ژناندا.

قامچی، جیا لە ڕەچاوکردنی بنەمای یاساییەکەی لە یاسای ناوخۆیدا، بەپێی ماددەی ۷ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان نموونەی سزای جەستەیی قەدەغەکراوە.

هیچ پاساوێکی ئەخلاقی، ئایینی یاخود یاسایی ناتوانێت ئەنجامدانی بەئەنقەستی ئازار و سووکایەتی بەسەر جەستەی مرۆڤدا شەرعییەت پێبدات.ئەم دادنامەیە نموونەیەکە لە گۆڕینی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئامرازێکی تەمێکردنی جەستەیی و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ لە شوێنێکدا کە جەستەی ژنێک دەبێتە بابەتی جێبەجێکردنی سزا بۆ ڕەفتارە کەسییەکانی خۆی.

هانا ئەم حوکمە بە پێچەوانەی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لە بواری قەدەغەکردنی سزادانی دڕندانە و سووکایەتیپێکەر دەزانێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە و ڕێگریگرتن لە جێبەجێکردنی سزای قامچی دەکات.
بڕیاری دەرکراو بەپێی دەقی دادنامەکە مافی پێداچوونەوەی هەیە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین