هانا: لە رۆژانی رابردوودا سێ شارۆمەندی ژن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە سەر ئەوەی سەمایان کردووە و هەڵپەڕیون دەستبەسەر کراون.
بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتی پارێزگای کرماشان لەم پێوەندییەدا رایگەیاندووە: دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر سێ خاتوون بڵاوبۆوە کە لە سەر پردێک لە کرماشان سەمایان کردبوو، ئێمەش کەوتینە خۆ تا دۆزیماننەوە و دەستبەسەرمان کردوون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەو شارۆمەندانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
شایانی باسە لە راپۆرتێکی تردا هاتووە، لە رۆژانی رابردوودا حەوت مامۆستای زانستگای پزیشکی کرماشان بە هۆی بەشداری کردنیان لە رێوڕەسمی دەرچوونی ژمارەیەک لە خوێندکارەکانی زانستگای دەرمانسازی دەرکراون. هۆکاری دەرکردنی ئەو مامۆستایانە سەما و هەڵپەڕکێی کوردی رەشبەڵەکی خوێندکارەکان و سەر و قژی رووت و رەچاو نەگرتنی حیجابی ئیسلامی لەو رێوڕەسمەدا راگەیەندراوە.