نووسەر و چالاکڤانی ژنی رۆژهەڵاتی کوردستان، موژگان کاووسی دوای 104 رۆژ بەندکردنی، بە کەفالەت ئازادکرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، موژگان کاووسی رۆژی سێشەممە، 03/01/2023، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەن لە گرتووخانەی شاری قاییمشەهری پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران ئازاد کراوە.
موژگان کاووسی دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە 22/09/2022ـەوە دەستبەسەر کرابوو.
دادگەی شۆڕشی شاری ساری لە پارێزگای مازەندەران بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژ بە دەسەڵات، بێڕێزیکردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاندانی خەڵک بۆ کوشتن، سزای 62 مانگ زیندانی بەسەر ئەو نووسەر و چالاکڤانی کولتووری کورددا سەپاندووە. لە سزاکەی دادگەدا ئاماژە بەوەکراوە، موژگان کاووسی دەبێ لانیکەم 39 مانگ لە ماوەی سزاکەی لە زینداندا بێت.