هانا: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ – ١٤ی مارسی ٢٠٢١، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی بۆکان لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارە درا.
"ناسر وەلیزادە" تەمەن ٣٣ ساڵ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارە درا. ناوبراو ٦ ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کرابوو.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سزای ئێعدامی تێدا بەڕێوە دەچێ بەڵام بە هۆی نەبوونی هەڵسووڕانی راگەیاندنی ئازاد و ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ئامارێکی راستەقینە لەم بارەوە نادرێتە دەرەوە. بەم حاڵەشەوە بە پێی ئامارە فەرمییەکان کە لە لایەن حکومەتەوە بڵاودەبنەوە، ئێران دوای وڵاتی چین بە نیسبەتی دانیشتوانی زۆرترین ئاماری لە سێدارەدانی لە ئاستی جیهاندا تێدا بەڕێوەدەچێ.
شایانی باسە لە ١٧ی نوامبری ٢٠٢٠ بەرامبەر بە (٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩)، ١٢٠ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیان دا بە بڕیارنامەیەکی کومیتەی سێهەمی کۆبوونەوەی گشتی ئەو رێکخراوەیە کە دیسان داوای هەڵگرتنی سزای ئێعدامی کردبوو. ئێران دەنگی "نا"ی دا بەم بڕیاڕنامەیەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێعدام و جگە لە ئێران ٧ وڵاتی دیکە دەنگی مومتەنعیان دا بەم بڕیارنامەیە.
هەر لەم پێوەندییەدا فیل رابێرتسۆن جێگری چاودێری مافی مرۆڤ لە ئاسیا رایگەیاندبوو: "جێگای سەرسوڕمان نییە ئەو حکومەتانەی دەنگی نەرێنییان دا بە هەڵگرتنی هەرچی زووتری سزای لە سێدارەدان، لە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ بن لە ئاستی جیهاندا. ئەمەی کە ١١ حکومەت لە ئاسیا و ئوقیانووسییە دەنگی نەرێنییان داوە بە بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەشیان هەر بەردامن لە جێبەجێ کردنی سزای ئێعدام، ئەم راستییە ئاشکرا دەکا کە ئەم ناوچەیە و ئەو وڵاتانە هێشتا ریگایەکی دوور و درێژیان لە پێشە بۆ گەیشتن بە سیستەمێکی دادپەروەر کە رێز بگرێ لە مافەکانی مرۆڤ.
بە وتەی رابێرتسۆن، ئەو وڵاتانەی کە دەنگیان داوە بەم بڕیارنامەیە دەبێ دەستەوبەجێ هەنگاوی پێویست بنێن بۆ هەڵگرتن و نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان و جگە لەوەش زەخت بخەنە سەر ئەو ٣٩ وڵاتەی دژایەتی هەڵگرتنی سزای ئێعدام دەکەن.