بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : مامۆستایەکی ئایینی کوردی سونە مەزەب بە ناسنامەی “محەممەد خزرنژاد” تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی بۆکان ، لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “رەزا نەجەف زادە” بە تۆمەتی “هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای زیان گەیاندن بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی وڵات ، افساد فی الاعرض و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە 16 ساڵ زیندان و لە سێدارەدان مەحکوم کرا .
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ کۆتا دادگایی کرانی مامۆستا خزرنژاد لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە چوار کۆبوونەوەی کورت بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرافس و بێ مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر بەڕێوە چووە .
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرە ملێ ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و رۆحیدا بووە .
ئەم مامۆستا کوردە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١" لەگەڵ کوڕەکەی یاسر ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو .