هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین، شارۆمەندێکی تر لە دیواندەرە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ناسنامەی ئەم شارۆمەندە، "ئەرەستوو قەیسەری" راگەیەندراوە.
هۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو هاوکاری لەگەڵ "پژاک" راگەیەندراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی نزیکەی ١٠ رۆژە دەسبەسەر کراوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر شوێنی دەسبەسەرکرانی ناوبراو لە دەستدا نییە.
شایانی باسە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، شەپۆلێکی تازە لە دەستبەسەرکرانی شارۆمەندان لە دیواندەرە دەستی پێ کردووە و هەر چەندە ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام هاوکارانی ئێمە ناسنامەی ٢ کەس لەو ٢٧ شارۆمەندانەی قۆڵبەستکراون، ئاشکرایان کردووە.
هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی خۆیان لە چارەنووسی "ئومید سەرئەفراز" و بارودۆخی ئەم شارۆمەندە دەسبەسەرکراوە دەربڕیوە.
"ئومید سەرئەفراز" رۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، لە سەر شەقامەکانی دیواندەرە کەوتە بەر شاڵاوی ئازار و ئەشکەنجە و بێ رێزیی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران.
ئەم شارۆمەندە لە کاتێکدا کە لە ماشێنەکەی خۆیدا بووە بە هۆکاری نەزانراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درابوو و دوای لێدان و ئەشکەنجە و بێ رێزیی زۆر قۆڵبەستیان کردبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان. سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو ماوەیەدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی دەسبەسەرکرانی ئەم شارۆەمندە کوردە لەبەردەستدا نییە.