هانا: بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی ژانویەی ٢٠٢٣، محەممەد مێهدی کەرمی خەڵکی بیجاڕ و محەمەد حوسەینی کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیجی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دران.
لەسێدارەدانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە کاتێکدایە ؛ عەلی شەریف زادە، پارێزەری محەممەد حوسەینی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بابەتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "لە زیندانی کەرەج چاوم بە سەیدمحەممەد حوسەینی کەوت". گێڕانەوەی پڕ بوو لە فرمێسک. لە ئەشکەنجە، لێدان بە چاو و دەست و قاچ بەستراو بە لێدان لە سەر و بێهۆشی، لە مێلەی ئاسن تا بنی پێیەکان و شۆک لە بەشە جیاوازەکانی جەستە، پیاوێک کە دانپێدانانەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. "
هەروەها پارێزەری محەممەد مێهدی کەرمی ڕایگەیاند؛ لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی دەی، موکلەکەی لە زیندانی ناوەندی کەرەج دەستی بە "مانگرتنی خۆراکی وشک" کردووە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێگەنەدان بە هەبوونی پارێزەرێکی ئیختیاری.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی سەربازێکی بەسیجی بە ناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری کەرەج دەستبەسەر کراون.
بە لەسێدارەدانی ئەو دوو هاوڵاتیەشەوە تا ئێستا ٤ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی سەراسی کە بە بزووتنەوەی ژینا ناسراوە لەسێدارە دراون و دەیان هاوڵاتی دیکەش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.