بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە “٥ی خەرمانانی ١٤٠٣” سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلوچ بە ناوی “بەرەکەت عەلی سنجرانی” تەمەن ٢٥ ساڵ ، کوڕی محەمەد حەیات خێزاندار و خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە جێبەجێ کراوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ ئەم شارۆمەندە چوار ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی شەڕێک و کوژرانی کەسێک لە شەڕەکەدا بە تۆمەتی قەتڵ دەستبەسەر کراوە و پاشان لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنراوە .
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەری حال وش ، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ ، ئەم بەندکراوەیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانە ڕاگوێزرابوو کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ ماوەی ١٠ ڕۆژ مەجالی پێدرابوو بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە سکاڵاکار و بۆ بەندی گشتی بەندیخانە گواسترابووەوە .
ناوبراو پاش گەڕاندنەوەی بۆ بەندی گشتی لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا کە تۆمار کراوە ڕوو لە خەڵک ڕایگەیاندووە کە بێ تاوانە .