جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی مەراغە لە بەندیخانەی ورمێ

بە پێی هاوکارانی هانا : سەرلە بەیانی ڕۆژی شەممە “٢٩ی گوڵانی ١٤٠٣” بەندکراوێکی ژن بە ناوی “پەروین موسەوی” تەمەن ٥٣ ساڵ خەڵکی مەراغە و گیرۆدەی شێرپەنجە ، لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لەسێدارە دراوە .

ئەم بەندکراوەیە ڕۆژی پێنج شەممە "٢٧ی گوڵانی ١٤٠٣" بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراوە .
پەروین موسەوی چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە "مادەهۆشبەرەکان" دەستبەسەر و پاشان لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو .
پەروین دایکی دوو منداڵی کوڕی تەمەن ٢٢ و ٣٢ ساڵان بوو و بنەماڵەکەی زۆر هەژارن و هەروەها هاوسەرەکەی و منداڵە گەورەکەشی لە بەندیخانەن .

RELATED ARTICLES

Most Popular