بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : سزای لە سێدارەدانی زیندانیەکی کورد بە ناوی “سەعید مورادیان” کوڕی شێرعەلی ، خەڵکی کەنگاوەر کە سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە “مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێرابوو ، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە “١٤ی بەفرانباری ١٤٠٢” لە زیندانی هەمەدان جێبەجێ کرا .
هەر وەها سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە "١١ی بەفرانباری ١٤٠٢" پێنج زیندانی کورد بە ناوەکانی "داریوش شوکرزادە ، مەسعود رۆستەمی خەڵکی کەرەند غەرب ، ئەفشین محەممەدی تەمەن ٣٧ ساڵ ، مەنوچێهر عوقابی و ناوخاس مەلەکی (مەلەکزادە)" هەر دوو خەڵکی ئیسلام ئاوای غەرب پاش 10 ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج لە سێدارە دران .
ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەری حکومەت سەبارەت بەم بابەتە نوسیبوویی کە ئەم ٥ زیندانیە بە تۆمەتی "دزی بە زەبری چەک و پێکهێنانی گروپی چەکدار بۆ تێکدانی ئاسایشی ڕێگاکان و ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و زیان گەیاندن بە داراییەکانی خەڵک " لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنراوە .
