بە پێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەر لە بەیانی یەکشەممە “5ی نوامبری 2023” سزای لەسێدارەدانی زیندانیەکی عەقیدەتی بە ناوی “سەید قاسم ئابستە” خێزاندار ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی مەهاباد ، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کرا .
بە پێی ئەم راپۆرتە ؛ قاسم ئابستە لە مانگی ئازەری ١٣٨٨ ، لەگەڵ شەش شارۆمەندی سونە مەزهەب بە ناوەکانی ئەنوەر خزری ، ئەیوب کەریمی ، داوود عەبدوڵڵاهی ، فەرهاد سەلیمی ،خەڵکی شارەکانی سەقز کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرابوون .
بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ ئەوان لە ئەنجامی دادگایی کردنی نادادپەروەرانە کە تێیدا قازی دادگاکە پارێزەرەکەیانی لە مافی بەرگری کردن بێبەش کردبوو ، لە خۆردادی ١٣٩٧ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "گەندەڵی لە سەر زەوی" (فساد فی الارض) و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی نەتەوەیی بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کراون . پاش دەستبەسەر کران لە نێوان مانگی ئازەری 1388 تا سەرەتاکانی بەهمەن مانگی 1388 لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، ئەم حەوت کەسە گواسراونەتەوە و تۆمەتبار کراون بە ئەندام بوون لە گروپەکانی سەلەفی ، تۆمەتێک کە سەرجەمیان ڕەتیان کردبووەوە .
سەرەڕای پێشێلکارییەکی جدی لە یاساکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ، لە 14ی بەهمەنی 1399 ، لقی 41ی دادگای باڵای وڵات ، حوکمە پێدراوەکانی لە دژی ئەم حەوت زیندانیە پشتڕاست کردەوە و لە شەهریوەر مانگی 1399 ، لقی 38ی دادگای باڵا داواکاری ئەم شارۆمەندانەی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە رەت کردەوە .
لە تیر مانگی 1397 دادگایکی دیکە لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، کامران شێخەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەستی پیاوێک کە لە ئاکامی پێکدانان لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستدابوو ، بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کرد و ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەتیشی وەک هاوکارەکانی بە سزای زیندانیکردن مەحکوم کرد .
