جێبەجێکرانی سزای لە سێدارەدانی ئەیوب کەریمی زیندانی عەقیدەتی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج

بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا : سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە “٨ی ئازەری ١٤٠٢” سزای لە سێدارەدانی ئەیوب کەریمی زیندانی عەقیدەتی کورد خەڵکی مەهاباد ، پاش ١٤ ساڵ زیندانی بوون لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێکرا .

ئەیوب کەریمی تەمەن ٤٥ ساڵ خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو .

پێویستە تێبینی بکرێت کە سەرلە بەیانی یەکشەممە "١٤ی ئابانی ١٤٠٢" سزای لە سێدارەدانی قاسم ئابستە زیندانی عەقیدەتی کورد یەکێک لە هاوپەروەندەییەکانی ئەیوب کەریمی لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێکرا .

‌بە پێی ئەم راپۆرتە ؛ ئەیوب کەریمی لە مانگی ئازەری ١٣٨٨ ، لەگەڵ شەش شارۆمەندی سونە مەزهەب بە ناوەکانی ئەنوەر خزری ، ئەیوب کەریمی ، داوود عەبدوڵڵاهی ، فەرهاد سەلیمی ، قاسم ئابستە خەڵکی شارەکانی سەقز کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرابوون .

بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ ئەوان لە ئەنجامی دادگایی کردنی نادادپەروەرانە کە تێیدا قازی دادگاکە پارێزەرەکەیانی لە مافی بەرگری کردن بێبەش کردبوو ، لە خۆردادی ١٣٩٧ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "گەندەڵی لە سەر زەوی" (فساد فی الارض) و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی نەتەوەیی بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کراون . پاش دەستبەسەر کران لە نێوان مانگی ئازەری 1388 تا سەرەتاکانی بەهمەن مانگی 1388 لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، ئەم حەوت کەسە گواسراونەتەوە و تۆمەتبار کراون بە ئەندام بوون لە گروپەکانی سەلەفی ، تۆمەتێک کە سەرجەمیان ڕەتیان کردبووەوە .

سەرەڕای پێشێلکارییەکی جدی لە یاساکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ، لە 14ی بەهمەنی 1399 ، لقی 41ی دادگای باڵای وڵات ، حوکمە پێدراوەکانی لە دژی ئەم حەوت زیندانیە پشتڕاست کردەوە و لە شەهریوەر مانگی 1399 ، لقی 38ی دادگای باڵا داواکاری ئەم شارۆمەندانەی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە رەت کردەوە .

لە تیر مانگی 1397 دادگایکی دیکە لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، کامران شێخەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەستی پیاوێک کە لە ئاکامی پێکدانان لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستدابوو ، بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کرد و ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەتیشی وەک هاوکارەکانی بە سزای زیندانیکردن مەحکوم کرد .

RELATED ARTICLES

Most Popular