بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی سێشەممە “١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢” شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “پەیمان عەبدی” کوڕی ناسر و چیمەن خەڵکی نەوسوود سەر بە شاری پاوە ، بە هۆی ئەشکەنجەکرانی لە لایەن ئەفسەرانی ئیدارەی ئاگاهی کرماشان چووە حاڵەتی کۆما و لە نەخۆشخانەی ئەرتەش گیانی لەدەستدا .
پەیمان عەبدی تەمەن ٣٥ ساڵ خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو .
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ پەیمان عەبدی لە رێکەوتی "١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢" لە یەکێک لە شەقامەکانی کرماشان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە هەمان ڕۆژدا بە هۆی ئەشکەنجە دەکەوێتە کۆما و بۆ نەخۆشخانەی ئەرتەش ڕادەگوێزراوە .
بە وتەی سەرچاوەیەک ، ڕۆژی سێشەممە ١٩ ی بەفرانبار ، لە نەخۆشخانەی ئەرتەشەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەواڵی مەرگی ناوبراو بە بنەماڵەکەی ڕادەگەینن و داوایان لێ دەکەن بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی نەخۆشخانە بکەن .
لە درێژەی گفتوگۆکەدا ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد ، پزیشکەکانی نەخۆشخانە هۆکاری مەرگی پەیمان عەبدییان وا باس کردووە کە شتێکی ڕەق بەر سەری کەوتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە .
پێویستە تێبینی بکرێت ، تەرمی ئەم شارۆمەندە هەشت ڕۆژ پاش دەستگیر کردنی و پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە بنەماڵەکەی سەبارەت بەوەیکە میدیاکان لەم بابەتە ئاگادار نەکرێنەوە ، ڕۆژی چوارشەممە "٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٢" ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە نەوسوود بە خاک سپێردرا .