گواستنەوەی سالار سدیق هەمەدانی بۆ بەندیخانەی سەڵماس 

هانا: رۆژی یەکشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (١٧ی ژولای ٢٠٢٢)، بەندکراوی سیاسی “سالار سدیق هەمەدانی” کوڕی بەندکراوی سیاسی “ئیبڕاهیم سدیق هەمەدانی” لە بەندیخانەی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی سەڵماس گوازرایەوە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە ناوبراو رۆژی شەممە ٧ی رەشەمەی ١٤٠٠ – (٢٦ی فێورییەی ٢٠٢٢)، لە بەندیخانەی کامێرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرابۆوە بەڵام بە هۆی دژایەتی دادوەری چاودێری بەندیخانە، دیسانەوە بردبوویانەوە بۆ بەندیخانەی کامێران. 

شایانی باسە، ئەم بەندکراوە سیاسییە، لەگەڵ باوکی واتە ئیبڕاهیم سدیق هەمەدانی بە تۆمەتی ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە و هاندانی بەندکراوان، بێ ئەوەی پێشتر ئاگاداریان بکەن و لە پڕدا لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ورمێ-وە بەرەو دوو بەندیخانەی جیاواز لە کامێران و مەریوان دووریان خستبوونەوە. 

ئیبڕاهیم سدیق هەمەدانی و سالار سدیق هەمەدانی کوڕێ و هەروەها کچەکەی مرێم سدیق هەمەدانی لە رێکەوتی ٤ی رەشەمەی ١٣٩٧ – (٢٣ی فێورییەی ٢٠١٩)، دەستبەسەر و رۆژی سێشەممە ٣ی گوڵانی ١٣٩٨ – (٢٣ی ئاوریلی ٢٠١٩)، پاش دوو مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرابوونەوە. 

سالار و ئیبڕاهیم سدیق هەمەدانی بە پێی پەروەندەیەک کە دادگای ئینقلابی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ورمێ لە دژی ئامادە کردبوون بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەت و ئاسایشی نەتەوەیی لە رێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەروەها بانگەشە دژی حکومەت و نیزام" ١٦ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular