هانا؛ بەرپرسانی بەندیخانەی مەریوان بە مەبەستی تەمبێ و سزادانی بەندکراوی سیاسی “ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی” گواستوویانەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و گیانی ئەم بەندکراوە سیاسیە تەمەن ٦٤ ساڵ و نەخۆشەیان خستووەتە مەترسی و دۆخێکی ئاستەنگەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نا بۆ بەندکران- نا بۆ سێدارە، ٨ی گەلاوێژی ۱٤۰۱ لە وەڵام بە ناڕەزایەتی بەندکراوی سیاسی ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی بە گواستنەوەی ناوبراو لە بەندیخانەی مەریوانەوە بۆ بەندیخانەی سەڵماس بۆ لای کوڕەکەی واتە "سالار سدیقی هەمەدانی"، بەرپرسانی بەندیخانەی مەریوان ئەم بەندکراوەیاب بۆ ژووری تاکەکەسی گواستۆتەوە.
ئەم ئەنجومەنە مافی مرۆڤیە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: چەندین ڕۆژە کە ناوبراو لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ بەندیخانەی مەریوان دوورخرابۆوە، بە دوای نەڕەزایەتی ئەم بەندرکراوە سیاسییە بە بەرپرسی بەندیخانە لەسەر ئەوەی نەیانگواستۆتەوە بۆ بەندیخانەی سەڵماس بۆ لای کوڕەکەی، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.(لە ڕێکەوتی دروستی گواستنەوەکەی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە).
بەرپرسانی بەندیخانە لە جیاتی وەڵام دانەوە بە داخوازی ئەم بەندکراوە سیاسیە، بۆ بێدەنگ کردنی ناوبراو سزایان داوە و بۆ ژووری تاکەکەسییان گواستۆتەوە.
ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی نەخۆشی شەکرە و قەندی خوێنی هەیە و خزمەتگوزاری پزیشکی بەردەوامی پێویستە و لە نەبوونی کوڕەکەیدا کەس نییە بۆ هاوکاری و پێڕاگەیشتنی.
ناوبراو پێشتریش بۆ گواستنەوەی بۆ لای کوڕەکەی دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و دەرمانەکانی کە بە بەڵێنی درۆی بەرپرسانی بەندیخانە کۆتایی مانگرتنەکەی هێنابوو. بەڵام تا ئێستا و بە تێپەڕبوونی شەش مانگ لە گواستنەوەی لە ناکاوی ناوبراو لەگەڵ کوڕەکەی لە بەندیخانەی ورمێ، بەرپرسانی بەندیخانە هیچکام لە بەڵێنەکانی خۆیان نەبردووەتە سەر و بە دوای ناڕەزایەتی ئەم بەندکراوەدا ناوبراویان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستووەتەوە.
لە بارودۆخی نالەباری بەندیخانەی مەریوان بە تایبەت ژووری تاکەکەسی گیانی ئەم بەندکراوە نەخۆشە لە مەترسیدایە.
دوو بەندکراوی سیاسی باوک و کوڕ ئیبراهیم خەلیل و سالار سدیقی هەمەدانی، ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی بەفرانباری ۱٤۰۰ بە شێوەی لە ناکاو و بە بێ ئەگادار کردنەوەی پێش وەخت لە بەندیخانەی ورمێوە بۆ بەندیخانەکانی مەریوان و کامیاران دور خرانەوە. ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی لەگەڵ گەیشتنی بە بەندیخانەی مەریوان دەستی دایە مانگرتن ڕایگەیاند کە تا کوڕەکەم بۆ لای خۆم نەهینن درێژە بە مانگرتن دەدەم.
گواستنەوەی لە ناکاویان بۆ بەندیخانەکانی کامیاران و مەریوان بە هۆی سازکردنی پەوەندەیەکی تازە لە بەندیخانە بوو. لەم پەروەندە دەسکردەدا، ئیبراهیم خەلیل و سالار سدیقی هەمەدانی بە تۆمەتی تێکهەڵچوونی وشەیی لەگەڵ داریوش بەخشی بەرپرسی بەند هەروەها بە تۆمەتی هاندانی بەندکراوان بە ناڕەزایەتی و مانگرتن، بە دوورخسنتەوە بۆ بەندیخانەکانی مەریوان و کامیاران مەحکوم کران و ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی بەفرانباری ۱٤۰۰ ئەم بەندکراوانە گوازرانەوە.
شایانی باسە؛ ناڕەزایەتی ئەم بەندکراوانە لە بەندیخانەی ورمێ بە دوای ئەوەدا بوو کە ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی بەفرانباری ۱٤۰۰، ئەم دوو بەندکراوە باوک و کوڕ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە ناڕەزایەتی بە ڕەچاو نەکردنی بنەمای جیاکاری تاوانەکان و هەڕەشە کردن بە چەقۆ لە لایەن چەند بەندکراوێکی بەکرێگیراو لە لایەن بەرپرسی بەندیخانەوە، دەستیان دابوە مانگرتن لە خواردن.
شایانی باسە؛ ڕۆژی شەممە ۲٥ی پوشپەڕ ۱٤۰۱ بە دوای ناڕەزایەتی بەندکراوانی بەندیخانەی کامیاران بە بارودۆخی نالەباری بەندیخانە، نەبوونی ئاو نەدانی مەرەخەسی بەندکراوی سیاسی سالار سدیقی هەمەدانی بە تۆمەتی تێک دانی سەقام گیری ئەمنییەتی بەندیخانە بۆ بەندیخانەی سەڵماس دوور خرایەوە.