ژینا مودەڕس گورجی چالاکی مافی ژنان بە ٢١ مانگ بەندکران و دوور خرانەوە سزا درا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ ژینا مودەڕس گورجی چالاکی مافی ژنان و خەڵکی سنە ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد کەرەمی بە تۆمەتی “پێکهێنانی دەستە و گروپی نایاسی بە ئامانجی ڕوخاندنی حکومەت بە دە ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو ، هاوکاری لەگەڵ گروپەکان و دەوڵەتەکانی دوژمن بە ١٠ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا دراوە .

لە کۆیی ٢١ ساڵ سزای پێدراو ، قورسترین سزا واتە دە ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و دوو خرانەوە بۆ بەندیخانەی هەمەدان جێبەجێ دەکرێت .

بە پێی سزای پێدراو ، ئەو تۆمەتە وەپاڵدراوانە لە دژی ناوبراو  "دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیوانو بە بەرنامەی فێمێنیستی و بە ئامانجی ڕوخاندنی حکومەت ، بەشداری ئامانجدار لە گردبوونەوەکان ، پەیوەندی لەگەڵ دژە شۆڕش ، بەشداری لە کۆنفرانسەکان و کارگاکانی فێرکاری نێودەوڵەتی ، بڵاو کردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات لە ڕێڕەوی خراپ وێنا کردنی دۆخی وڵات و ئاڵۆز کردنی دۆخی کۆمەڵگا لە سەردەمی هەستیاری پاش مەرگی مەهسا ئەمینی" ڕاگەینراون .

هەروەها لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە ، لە پەیوەند لەگەڵ تۆمەتی "بڵاو کردنەوەی شتی ناڕاست و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی" دادگای تاوانی ٢ی سنەی کردووەتە بەرپرسی پێڕاگەیشتن بەم دۆسیە و دۆسیەکەی بۆیان ناردووە .

شایانی باسە سزای پێدراو ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەینراوە .

ژینا مودەڕسی گورجی ڕۆژی دووشەممە "٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢" لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە ٢٠ی گوڵانی هەمان ساڵدا لە ژووری تاکەکەسی کانونی ئیسڵاح و تەربیەت بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا و لە کۆتایدا ڕۆژی دووشەممە "١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو .

ناوبراو هەروەها پێشتریش لە رێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ڕاگوێزرا و لە کۆتایدا لە رێکەوتی "٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ ، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular