ژینا مودەڕس گورجی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی لە لایەن دادگاوە بانگ کرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ژینا موڕەس گورجی ، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی سنە ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ١٦ مانگ بەندکرانەکەی بۆ لقی چواری جێبەجێکاری ئەحکامی کەیفەری سنە بانگ کراوە .

خاتوو مودەڕس گورجی ، لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی ڕایگەیاند کە بە پێی ئاگادارکردنەوەیەک کە لە ڕێکەوتی یەکی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بە دەستی گەیشتووە پێویستە تاوەکوو ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ، خۆی بە بەندیخانەی ژنانی سنە بناسێنێت .

ناوبراو تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حکومەتەکانی دژبەر"ی لە سەر لابراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گروپی نایاسایی بە مەبەستی ڕوخاندنی حکومەت" بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا دراوە و سزاکە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە پارێزەرەکەی ڕاگەینراوە .

بە پێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە پەیوەند لەگەڵ فرەیی تاوانەکانی تەعزیری زۆرترینی ئەم سزایە واتە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری ژینا مودەڕس گورجی جێبەجێ دەکرێت .

ژینا مودەڕس گورجی پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی قازی محەممەد کەرەمی بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گروپی نایاسی بە ئامانجی ڕوخاندنی حکومەت بە دە ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو ، هاوکاری لەگەڵ گروپەکان و دەوڵەتەکانی دوژمن بە ١٠ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا درابوو لە کۆیی ٢١ ساڵ سزای پێدراو ، قورسترین سزا واتە دە ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و دوو خرانەوە بۆ بەندیخانەی هەمەدان جێبەجێ دەکرێت .

بە پێی سزای پێدراو ، ئەو تۆمەتە وەپاڵدراوانە لە دژی ناوبراو  "دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیوانو بە بەرنامەی فێمێنیستی و بە ئامانجی ڕوخاندنی حکومەت ، بەشداری ئامانجدار لە گردبوونەوەکان ، پەیوەندی لەگەڵ دژە شۆڕش ، بەشداری لە کۆنفرانسەکان و کارگاکانی فێرکاری نێودەوڵەتی ، بڵاو کردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات لە ڕێڕەوی خراپ وێنا کردنی دۆخی وڵات و ئاڵۆز کردنی دۆخی کۆمەڵگا لە سەردەمی هەستیاری پاش مەرگی مەهسا ئەمینی" ڕاگەینراون .
هەروەها لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە ، لە پەیوەند لەگەڵ تۆمەتی "بڵاو کردنەوەی شتی ناڕاست و هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی" دادگای تاوانی ٢ی سنەی کردووەتە بەرپرسی پێڕاگەیشتن بەم دۆسیە و دۆسیەکەی بۆیان ناردووە .

ژینا مودەڕسی گورجی ڕۆژی دووشەممە "٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢" لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە ٢٠ی گوڵانی هەمان ساڵدا لە ژووری تاکەکەسی کانونی ئیسڵاح و تەربیەت بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا و لە کۆتایدا ڕۆژی دووشەممە "١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو .
ناوبراو هەروەها پێشتریش لە رێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ڕاگوێزرا و لە کۆتایدا لە رێکەوتی "٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ ، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular