بەپێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : وەفا رەسوڵی ئازەر شارۆمەندی تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی پیرانشار ، ڕۆژی سێشەممە “١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢” بۆ جێبەجێ کرانی سزای زیندانیکردنی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراوە .
ناوبراو لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن لقی دوویی دادگای تاوانی دوویی پیرانشار بە تۆمەتی "سووتاندنی بە ئانقەستی لافیتە (بەنێری) ئیدارەی ئیتڵاعات بە ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری ، سەرپێچی کردن لە بڕیار و گوێ نەدان بە هێزەکانی حکومەت بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی بەشداری لە تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٤٠ قامچی تەعزیری مەحکوم کرابوو .
وەفا رەسوڵی ئازەر کوڕی حسێن ، لە رێکەوتی "٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١" لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و لە نیهایەتدا لە ڕۆژی هەینی "٨ی گوڵانی ١٤٠٢" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .
