بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون ؛ ئازاد عەباسی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قوروە لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ، لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئەم بەندیخانەیەوە دوو جار هێرشی کراوەتە سەر و لێدراوە .
یەکەم جار وەکیل بەند و ژمارەیەک لە بەندکراوان هێرشیان کردووەتە سەر و لێیانداوە . دوای ئەم ڕووداوە ئازاد عەباسی داوای لە بەرپرسانی بەندیخانە کردووە بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە چاو لە کامێراکان بکەن .
دوای چەن کاژێرێک و لەگەڵ گەڕانەوەی ئازاد عەباسی بۆ نێو بەند ، بۆ دووهەم جار بە کەرستەی تیژ هێرشی کراوەتە سەر ، ئەم بەندکراوانە کە لە لایەن وەکیل بەندەکەوە هاندراون بە تەرمۆزە ئاوی کوڵهاتوویان رژاندوەتە سەر ئەو و لە ئەنجامی ئەم کارەیان جەستەی بە سوکی سوتاوە .
ئازاد عەباسی چالاکی مەدەنی و سیاسی ، لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار دەسەبەسەر و لە لایەن دادگای شۆڕشەوە چەندین سزای نادادپەروەرانەی بە سەردا سەپێنراوە ، هەروەها لە جەریانی بزووەنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی ڕفێندرا و دوای سێ مانک دەستبەسەر کرانی کاتی لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی و بەندیخانەی سنە بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران سزا درا .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی جددی خۆیی لە سەر دۆخی ئازاد عەباسی ، بەرپرسانی سازمانی بەندیخانەکان و دادستانی قوروە بە بەرپرسی پاراستنی گیان و تەندروستی ئازاد عەباسی دەزانێت .