هانا: رۆژی دووشەممە ٢١ی خرمانانی ١٤٠١، دوو شارۆمەندی تر بە ناوەکانی ئەیوب ئیسماعیلی خەڵکی ئاوایی “گردکشانە” و مستەفا ساغری خەڵکی ئاوایی “گەرگەول” لە ناوچەی پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، زانیاری لە سەر هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەیوب ئیسماعیلی و مستەفا ساغری لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە لەم حەوتوویەدا هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی حکومەت لە ناوچەی پیرانشار ژمارەیەک شارۆمەندیان دەستبەسەر کردووە و رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەم بارەوە راپۆرتی بڵاوکردبۆوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٢١ی خرمانانی ١٤٠١، ئەسکەندەر بیسپار تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "شیناوا" لە ناوچەی پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە وێڕای ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خرمانانی ١٤٠١، هێزەکانی ئیتلاعات لە پیرانشار دوو شارۆمەندیان بە ناوەکانی سابیر ئوسلووب نیشتەجێی گوندی "کێلە سپیان" و جەلال تەباک خەڵکی پیرانشار دەستبەسەر کربوو.