هانا: رۆژی دووشەممە ٧ی خرمانانی ١٤٠١ – (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) شارۆمەندێک بە ناوی هەژار دڵسۆز (عەبدوڵڕەحمان) تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “زێوکە” لە ناوچەی پیرانشار بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کراوە.
شایانی باسە ناوبراو رۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ بێ بەڵگەی یاسایی و سەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ بەڕێ کرابوو. هەژار دڵسۆز دوای کۆتایی لێپرسینەوە رۆژی یەکشەممە ٦ی خرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرابۆوە.
تا ئێستا زانیاری زیاتر لە سەر هۆکاری گرتن و تۆمەتگەلێک کە دراوەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە کورد لەبەردەستدا نییە.