هانا: بەپیی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٢٢ی خرمانانی ١٤٠١، شارام کازمیان تەمەن ٤٣ ساڵ بەندکراوی سیاسی و چالاکی مەدەنی خەڵکی ورمێ، لە نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ مەرەخەس کراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە دوێنێ دووشەممە ٢١ی خرمانان مەئموورانی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی حکومەتی ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە کوردە و وێڕای شکاندنی دەرکای ماڵەکەیان دەستبەسەریان کردبوو و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستبوو. شایانی باسە لە کاتی چوونەژووری هێزە ئەمنییەکان، شارام کازمیان بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ژیانی ٥٠ حەبی خواردبوو.
لە رۆژانی رابردوودا ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە رێگای ناردنی پەیام بۆ موبایلەکەی چەند جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو.
بەپێی نامەی پزیشکی داد شارام کازمیان بە هۆی ئەوەی لە کاتی بەندکرانیدا ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دراوە نابێ لە گرتووخانە یا بەندیخانە بەند بکرێ.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە شارام کازمیان رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر و دوای مانگێک بەندکران و کۆتایی لێپرسینەوە رەوانەی بەندیخانەی ئەو شارەیان کردبوو. ناوبراو رۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بە دانای بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو.
شارام کازمیان لە مانگی رەشەمەی ١٣٩٩ لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە وەک خۆی پەسند کرابۆوە.