ورمێ: دۆخی تەندروستی بەندکراوی سیاسی مەسعود حاجیزادە زۆر لە مەترسیدایە 

هانا: بەپێی راپۆرتی هاواکارانی هانا، مەسعود حاجیزادە (نایب) بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ورمێ بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە، ئێستا باری تەندروستی لە مەترسیدایە و زۆر نالەبار و خراپە و پێوەیستی بەپەلەی بە دوکتور و دەرمان هەیە. 

مەسعود حاجیزادە لەدایکبووی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٥٧ – (١ی ئاگۆستی ١٩٧٨) و خێزاندار و باوکی پێنج منداڵە و خەڵکی ئاوایی "ئینگیجە" لە ناوچەی سۆماوبرادۆستی ورمێیە. 
کاتژمێر ٦ی بەیانی رۆژی سێشەممە ١٦ی رەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی رژابوونە ماڵی مەسعود حاجیزادە لە ورمێ و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر موبایلەکەیدا گرتبوو و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەشکەنجە و ئازاری زۆریشیان دابوو و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئەو شارەیان رەوانە کردبوو. پاشان رۆژی پێنجشەممە ٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ – (٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابۆوە. 

مەسعود حاجیزادە بۆ یەکەم جار لە دادگایەکی پێنج خولەکیدا بێ ئەوەی مافی ئاخاڤتن و پارێزگاری لە خۆی پێ بدەن لەگەڵ چوار شارۆمەندی تر بە ناوەکانی "کەیوان رەشوزادە، ئومید سەعیدی، کامڕان قاسمی و عەبدوڵعەزیز محەممەدپوور" بۆ یەکەم کەڕەت لە دادگا چاویان بە یەکتر کەوتووە و تەنانەت بێ ئەوەی ئاشنایەتییان بێت یا یەکتر بناسن، پەروەندەیەکی هاوبەش لە دژیان دادەڕشتبوون و لەوپەڕی بێدادیدا لە دادگای حکومەتی ئیسلامیدا لەلایەن قازی "عەلی شێخلوو"وە بڕیاری سزاکەیان بە سەردا سەپابوو. 

سەرەتا ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" ١٠ ساڵ و رۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و پاشان لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران داشکابوو. 

مەسعود حاجیزادە رۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە ناو هۆڵی سەرەکی بەندیخانەدا بۆ چەندەمین جار کەوتبووە بەر هێرش و لێدان و زەبروزەنگی چەند بەندکراوی تۆمەتبار بە مادە هۆشبەرەکان و لات و چەقۆکێش کە بەکرێگیراوی بەرپرسانی بەندیخانە بوون.   

کاتێک کە ناوبراو گیرابوو، پێویستی بە نەشتەرگەرییەک بووە کە لە یەکەم نەشتەرگەریدا پڵاتینیان لە لاقی خستبوو و بۆ جاری دوویەم دەبوو پڵاتینەکە دەربێننەوە. بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە هەر جارەی بە بیانوویەکەوە نەیانهێشتبوو بچێتە نەخۆشخانە. 
بە گوشاری ناوەندە نێونەتەوەی و مافەکانی مرۆڤ بۆ سەر بەرپرسانی داد و و بەندیخانەی ورمێ، ئاخرییەکەی لە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ (٢ی ژوئەنی ٢٠٢١) نەشتەرگەری دوویەمی بۆ ئەنجام درابوو. 
دوای نەشتەرگەری دوویەم، بەپرسانی بەندیخانە نەیانهێشتبوو بۆ وەرگرتنی دەوا و دەرمان رەانەی بنکەی تەندروستی بەندیخانە بکرێ و لە ئاکامدا شوێنی نەشتەرگەری و لاقی بە خەستی هەوی کردبوو. 

جگە لەوانە ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر لەلایەن مەئموورانی بەندیخانەوە بەشی ناوەوەی زگی دڕابوو. بە گوشاری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ سەر بەرپرسانی داد و بەندیخانەی ورمێ، ناوبراو بە مەبەستی تاقیکردنەوە و وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی دەرەوەی بەندیخانە کرابوو و لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتبوو ناوبراو پێویستی هەنووکەیی بە نەشتەرگەری بۆ زگ و لاقی هەیە. بەڵام بەم حاڵەشەوە بەرپرسانی بەندیخانە دیسان مەسعود حاجیزادەیان گەڕاندبۆوە بەندیخانە و دواوایان لە بنەماڵەکەی کردبوو لە ئەگەری گواستنەوەی ناوبراودا بۆ نەخۆشخانە دەبێ ٤ میلیارد تمەن بارمتە دابنێن. 

دادستانی ورمێ هەر لە سەرەتاوە بۆ ناردنی مەسعود حاجیزادە بۆ نەخۆشخانە داوای یەک میلیاد و ٢٠٠ میلیۆن تمەنی وەک بارمتە کردبوو کە ئەویش لەگەڵ دژایەتی توندی ناوەندە ئەمنییەکان و قازی چاودێری بەندیخانە و بەرپرسانی بەندیخانە بەرەوڕوو ببوو. لە کۆتاییدا و لە ژێر گوشاری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ رۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ١٤٠١ – ٢٢ی مەی ٢٠٢٢ دانانی بارمتەی یەک میلیاد و ٢٠٠ میلیۆن تمەن پەسند کرا بەڵام تا بنەماڵەکەی بارمتەکەیان بۆ ئامادە کرد، سەرۆک و بەرپرسانی بەندیخانە گۆڕابوون و دیسانەوە سەر لە نوێ دەستیان کردەوە بە دژایەتی بە ناردنی مەسعود حاجیزادە بۆ مەرەخەسی و وەرگرتنی چارەسەر پزیشکی. 

جێگای وەبیرهێنانەوەی پێشتریش "هانا" لە چەند راپۆرت و کاتی جیاوازدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی تەندروستی ئەم شارۆمەندە کوردە دەربڕیبوو. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular