ورمێ / حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسی کورد سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ، بەندکراوی سیاسی کورد “حەمید حسێن نژاد حەیدەرانلو” تەمەن ٣٩ ساڵ ، خێزاندار ، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی ئاوایی “سگریک”ی سەر بە شاری چاڵدران ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی” لە رێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان pkk ، سزای لە سێدارە دانی بە سەردا سەپێنراوە .

پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە ناوبراو لە رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ ، لەگەڵ چەند شارۆمەندی دیکەی خەڵکی ئەفغانستان لە سنووری چاڵدران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی بنکەی پاسەوانی سنوور لە چاڵدران ڕاگوێزرابوو .

ئەو ماوەی چەند کاژێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو و پاشان فەرمانی دەستبەسەر کرانی گوڕدرابوو بە دانانی بارمتە ، بەڵام بە بیانووی دەرکرانی حوکمی گرتن لە سەر داواکاری وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بارمتەی لێ قەبوڵ نەکرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو .

شایانی باسە ناوبراو بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعات ڕاگیرا و لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و ڕۆحیدا بوو بە مەبەستی ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگیرێت کە بەشداری کردووە لە پێکدادانێکی سەربازی لە نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان pkk و هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە ببووە هۆی کوژرانی ٨ کەس لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور .

ئەم بەندکراوە سیاسیە کوردە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ماوەی ٨ مانک بە توندترین شێوە لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەمنییەتیەوە ئەشکەنجە کرا و تەنانەت لە لایەن کەسێک بە ناوەی ئەستیری کە لێکۆڵەری دۆسیەکەی بوو ئەشکەجە درابوو .
ئەو لە ژێر ئەم ئەشکەنجە قورسانەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرا و لە حاڵێکدا کە خوێنەواریشی نەبوو ناچار کرا ئەو نوسراوە و بەڵگەنامانە واژۆ بکات کە پێشتر لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنییەتیەکانەوە ئامادە کرابوون .

ئەم بەندکراوە سیاسیە کە ئێستا لە بەندی پەزیرشی ٢ی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە ناڕەزایی بەرامبەر بە سزاکەی دەربڕیوە و دۆسیەکەی بۆ دادگای باڵای وڵات نێردراوە .

ئەم بەندکراوە سیاسیە پاش ٨ مانگ تەنیا دوو جار توانیویەتی پەیوەندی تەلەفۆنی کورت ماوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت و لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە .

RELATED ARTICLES

Most Popular