هانا: رۆژی یەکشەممە ٢٠ی خرمانانی ١٤٠١، دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی عوسمان دڵسۆز ٦٤ ساڵ تەمەن و خەڵکی ئاوایی “زیوکە” لە ناوچەی پیرانشار و ئاکام خدرزادە تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی گوندی “کانی بداغ” لە ناوچەی پیرانشار بە دانای بارمتەی ٣ میلیارد تمەن لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، عوسمان دڵسۆز و ئاکام خدرزادە رۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ کاتژمێر ٦ی بەیانی لەگەڵ شارۆمەندێکی تر بە ناوی عەبدولڕحیم دڵسۆز (هەژار) تەمەن ٢٤ ساڵ و کوڕی عەلی و خەڵکی ئاوایی "زیوکە" لە ناوچەی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرابوونەوە.
جێگای ئاماژەیە هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەو سێ شارۆمەندە و وێڕای گەڕان و پشکنینی ماڵەکەیان و دەستیان بە سەر موبایل و لەپ تاپی ئەواندا گرتبوو.
هەروەها رۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ ئەو شارۆمەندانە بە مەبەستی لێپرسینەوە رەوانەی گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ کرابوون.