ناڕوونی چارەنوسی مەنیژە خۆشنود شارۆمەندی دەستبەسەر کراوی خەڵکی بۆکان

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستمان گەیشتوون : لەگەڵ تێپەڕ بوونی ١١ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەر کرانی شارۆمەندێکی ژنی کورد بە ناوی “مەنیژە خۆشنود” تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان ، تا ئێستا هیچ جۆرە زانیاریەک سەبارەت بە چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی بەردەست نیە .

تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنوس و زانینی شوێنی ڕاگیرانی بێ ئەنجام بووە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم شاۆمەندە کوردە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، مەنیژە خۆشنود ڕۆژی چوارشەممە "١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣" لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە بە بێ پێدانی حوکمی دادگا لە ماڵەکەی لە بۆکان دەستبەسەر و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە .

شایانی باسە پاش دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات ماڵەکەیان پشکنیوە دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە .

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کران و تۆمەتەوەپاڵدراوەکان لە دژی ئەم شارۆمەندە هیچ زانیاریەک بەردەست نیە .

RELATED ARTICLES

Most Popular