بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ماوەی ١٤ ڕۆژە خەبات ئێراندۆست کوڕی عومەر و خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریەک سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەم شارۆمەندە بەردەست نیە .
خەبات ئێراندۆست تەمەن ٤٣ ساڵ ، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە .
ئومید ئێراندۆست برای خەبات ئێراندۆست لە گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زیادی کرد ، ڕۆژی چوارشەممە "١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣" هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێدانی بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری براکەم لە بۆکان و ئەویان دەستبەسەر کردووە و پاشان بۆ بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە .
ئەو لە درێژەدا زیادی کرد ، بنەماڵەکەی بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ زانینی دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی براکەی سەردانی دامودەزگا ئەمنییەکانیان کردووە بەڵام بەرپرسانی دامودەزگاکان وڵامیان نەداونەتەوە و ئەم دۆخەش بووەتە هۆی نیگەرانی جددی بۆ بنەماڵە و کەسوکارەکەیان .