هانا : لە ڕۆژانی ڕابردوو بەندکراوێکی کورد بە ناوی “ناسر بەکرزادە” تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ورمێ لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنراوە .
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم بەندکراوەیە لە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ، بەڕێوەچوو .
بە پێی زانیاریەکانی سەرچاوەیەکی هانا ، ناسر بەکرزادە ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر و پاش چەند هەفتە بە نوسینی بەڵێننامە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا پاشان ئەو لە رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢ ، دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند مانگێک لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپا لە پادگانی ئەلمەهدی سوپای ورمێ ، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو .
شایانی باسە سێ شەرۆمەندی دیکە بە ناوەکانی ئازاد شوجاعی و ئیدریس ئالی ، هەردووکیان خەڵکی ئاوایی "دۆڵەگەرم"ی سەردەشت و رەسوڵ ئەحمەد محەمەد خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستانی عێراق ، لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرا و سزاکە لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بەم شارۆمەندانە ڕاگەینراوە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی جددی خۆیی سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی ئەم شارۆمەندانە لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتە دوژمنکارانەکانی نێوان حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی ئیسرائیل، داوای سەرنجی خێرای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەو پرسە دەکات .