هانا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لە مەریوان بە ناوەکانی کەمال، عومەر و ئارام کیانی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون و هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نیە.
لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، کەمال کیانی ٤٠ ساڵە کوڕی عەلی لە ٣٠ی سەرماوەز و عومەر کیانی ٢٩ ساڵە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠١ دەستبەسەر کرا. لە وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: عومەر کیانی لە ئاوای سۆفی بڵە ڕفێندراوە و کەمال کیانیش لەبەردەم نەخۆشخانەی فەجر ڕفێندراوە.
هەروەها برازای ناوبراوان ئارام کیانی لە هەمان کاتدا کە عومەر کیانی لە ماڵەکەی خۆی کە دەکەوێتە شارەکی سەعدی مەریوان دەستبەسەر کرابوو، ڕفێندرا.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو سێ هاووڵاتییە لە لایەن ئیتلاعاتی مەریوانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە لەبەردەستدا نییە.