زیاتر لە ٥٠٧ رۆژ لە دەستبەسەر کرانی چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی “وەفا ئازەربار ، پژمان فاتحی ، محەممەد فەرامەرزی و موحسێن مەزڵوم” تێپەر دەبێت بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە زانیاریەک سەبارەت بە شوێنی راگرتن و چارەنووسیان بەردەست نیە .
ناسنامەی ئەم چوار چالاکە سیاسیە بریتیە لە پژمان فاتحی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی کامیاران ، وەفا ئازەر بار خەڵکی بۆکان تەمەن ٢٧ ساڵ ، موحسێن مەزڵوم تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی مەهاباد و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی دێولان .
کۆماری ئیسلامی تا ئێستا دوو جار ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرە ملێی ئەوانی لە رێکەوتی "٢٠ی رەزبەر و ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١" بڵاو کردووتەوە و لەم گرتە ڤیدیۆیانە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوان نیازی ئەنجامدانی تەقینەوە لە یەکێک لە شوێنەکانی پێشەسازی هەستیاری بەرگرییان لە ئیسفەهان هەبووە کە ئەم تۆمەتانە لە لایەن بنەماڵەی ناوبراوان رەد کراوەتەوە و دامودەزگاکانی نێوەدەوڵەتی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە کە ئەم چوار کەسە لە ژێر ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی ناچار بە وتنەوەی ئەم سیناریۆانە کراون .
هەر لەمبارەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش نیگەرانی خۆی سەبارەت بە نادیاری چارەنووسی ئەم چوار چالاکە سیاسیە لە نامەیکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری راگەیاندووە .
ئێستا نادیاری ئەم زیندانیە سیاسیانە چووەتە نێو ١٧یەمین مانگیدا و بنەماڵی دەستبەسەر کراوەکان لەگەڵ بەدواداچوونی بەردەوام هیچ جۆرە زانیاریەکیان سەبارەت بە دۆخی ئەم چالاکە سیاسیانەیان نیە .
پێویستە تێبینی بکرێت لە ماوەی ١٧ مانگدا جگە لە بنەماڵەکانیان پارێزەرەکەشیان کە پەیگیری دۆخی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە بووە ، هیچ جۆرە زانیاریەک و وڵامێکی وەر نەگرتووە بەم هۆکارە کە وەزارەتی ئیتڵاعات رێگە نادات پارێزەر دەستی بگات بە دۆسیەی ئەم چوار چالاکە سیاسیە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قوڵی خۆی پەیوست بە دۆسیەی ئەم چوار چالاکە سیاسیە دەردەبڕێت و باوەڕمان وایە دەبێ قۆناغەکانی دادگایی کرانی ئەم چوار چالاکە سیاسیە بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بە چاوەدێری وردی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام بدرێت ، دەستبەسەر کراوەکان مافی وەرگرتنی پارێزەریان ببێت ، مافی دەتپێڕاگەیشتن بە پێداویستی پزیشکی و دەرمانییان هەبێ ، بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان بتوانن بە زووترین کات لەگەڵ دەستبەسەر کراوەکان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن .
بەپێی بەندی ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ " هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ".
هەروەها لە بەندی ١٠ی ئەم جاڕنامەیەدا هاتووە: " هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا".
هەروەها بەپێی پەسندکراوەکانی کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی ئەشکەنجە، ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک بە ئەنقەست کە ببێتە هۆی ئێش و ئازار و زیان بە لەش و دەروون و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری یا دانپێدانانی زۆرەملی کەسی قوربانی یا کەسوکار و دۆستانی بەڕێوەبچێ بە ئەشکەنجە هەژمار دەکرێ و هەر جۆرە ئێعتڕاف و دانپێدانانێک لە دۆخێکی لەم چەشنەدا بێ بنەمایە و بایەخی نییە.
ئێستا حکومەتی ئیسلامی ئێران بۆ بەشێکی زۆر لە بەندکراوان بۆ وێنە: چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، دژبەرانی سیاسی حکومەتی ئیسلامی، کۆڵبەران، ژنانی ناڕازی بە حیجابی زۆرەملی، بنەماڵەکانی دادخوازی گەڵاڕێزان و تەنانەت شارۆمەندانی دەرەوە پەروەندەی ئەمنییەتی ساز دەکا و تۆمەتی بێ بنەما بۆ وێنە پێوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتانی دەرەوە دەخاتە پاڵیان و بۆ هەر کامیان سیناریۆیەک ساز دەکا و ناچاریان دەکا بێنە سەر تلویزیۆن و ئێعتڕاف بکەن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە تەواوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکا ئەم پەروەندەسازییە ئەمنییەتیە و سیناریۆسازی و ناچار کردنی بەندکراوانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی بە دانپێدانانی زۆرەملی و لەم بابەت دیاریکراوەشدا چوار ئەندامی بەندرکراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران مەحکوم بکەن و داوا لە کۆماری ئیسلامی بکەن پێبەندبێ بە رەچاوکردنی بەڵێننامە و پەسندکراوە جیهانییە ناسراوەکانی مافی مرۆڤ .