مەسعود حاجی زادە لەگەڵ کۆتایی هاتنی مەرەخەسیەکەی سەر لە نوێ گەڕایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : شەوی هەینی “٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣” بەندکراوی سیاسی مەسعود (نائب) حاجی زادە تەمەن ٤٦ ساڵ کوڕی مەدەنی ، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی مەرەخەسیەکەی سەر لە نوێ گەڕاوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ .

مەسعود حاجی زادە خێزاندار ، باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی ئاوایی "ینگیجە"ی سەر بە ناوچەی سۆمابرادۆستی شاری ورمێ ، شەوی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە ماوەی سێ ڕۆژ مەرەخەسی پێدرا .

 

ناوبراو شەوی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ سکی ، بێ تێپەڕ کرانی پڕۆسەی دەرمانی بۆ بەندیخانەی ورمێ گەڕێندرابووەوە .

 

پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە ناوبراو بە هۆی ئەشکەنجە کرانی لە لایەن هێزەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بەشێک لە سکی دڕابوو .

مەسعود حاجی زادە ڕۆژی یەکشەممە "١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣" بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو .

ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" سزای ١٠ ساڵ و رۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و پاشان لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران داشکابوو . 

شایانی باسە لە رێکەوتی  ١٦ی رەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) هێزە ئەمنیەکان بێ بەڵگەی یاسایی رژابوونە ماڵی مەسعود حاجی زادە لە ورمێ و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر موبایلەکەیدا گرتبوو و وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەشکەنجە و ئازاری زۆریشیان دابوو و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئەو شارەیان رەوانە کردبوو ، پاشان رۆژی پێنجشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ – (٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular