هانا: رۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی برزان محەممەدی بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەوڵاوا، پاش ١٥ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد کرا.
برزان محەممەدی مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی مەریوان بە سەرۆکایەتی قازی "رووزبێه بێهبوودی" بە تۆمەتی "سووکایەتی بە رێبەری حکومەتی ئیسلامی و بانگەشە دژی حکومەتی ئیسلامی" سزای ٢٢ مانگ و ١٧ رۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
ئەم شارۆمەندە کوردە رۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە لە ماڵی براکەی لە ئاوایی "گوشخانی" لە ناوچەی سەوڵاوا دەستبەسەر و رۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردان واتە رۆژێک دواتر لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە سەوڵاوا بۆ بەندیخانەی مەریوان گوازرابۆوە.
هەروەها ناوبراو مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی "چالاکی لە فەزای مەجازی دژی حکومەتی ئیسلامی" ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران داشکابوو.
ئەم شارۆمەندە پێشتر هاوکاری کەمپەینی "نا بۆ حکومەتی ئیسلامی" کردبوو. برزان محەممەدی دوای تێپەڕکردنی زیاتر لە نیوەی سزاکەی، لە بەندیخانەی ئێوینی تاران ئازاد کرابوو.