مەحکوم بوونی ساسان چەمەن ئارا بە زیندان و جەریمەی نەخدی

بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ڕۆژی شەممە “١٩ی رەشەمەی ١٤٠٢” ساسان چەمەن ئارا هونەرمەند و شارۆمەندی خەڵکی ئیلام و دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت لە بەرژەوەندی گروپەکان و میدیاکانی ئۆپۆزۆسیۆن” بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری و ٢٠ ملوێن تمەن جەریمەی نەخدی مەحکوم کراوە .

ئەم هونەرمەندە کوردە لە رێکەوتی ٢٧ی بەفرانبار لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئیلام ڕاگوێزرابوو و لە کۆتایدا لە رێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی 1402 ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

ساسان چەمەن ئارا پێشتریش لە رێکەوتی "١٥ی ڕەزبەری ١٤٠١" بە هۆی بەشداری لە ناڕەزاییەکان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و پاش کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرا و لە کۆتاییدا لە ڕۆژی سێشەممە "٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

ناوبراو لە لایەن لقی ٢٩ی دادگای تارانەوە بە سەرۆکایەتی قازی " سەید عەلی مەزڵووم" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرا و ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووەوە .

RELATED ARTICLES

Most Popular