بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ، مێهراب عەبدوڵڵازادە ، تەمەن ٢٧ کوڕی محەمەدئەمین ، خەڵکی ئاوایی “خوشاڵان”ی ورمێ و دانیشتووی شەهرەکی وەلیعەسر ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە .
سزاکە لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ١٤٠٣ ، لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەم شارۆمەندە ڕاگەینراوە .
مێهراب عەبدوڵڵازادە لە رێکەوتی "٣٠ ڕەزبەری ١٤٠١" لە شەهرەکی وەلیعەسری ورمێ لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی شاراوەی ئەمنییەتی لە ورمێ ڕاگوێزرابوو . ئەو لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنیەتیەکانەوە بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی کراوە . دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ لە دادگایەکی تەواو نادادپەروەرانەدا، بێ ئەوەی کە لە کەمترین مافە ناسراوەکان بۆ تۆمەتبارێک بەهرەمەند بێت تەنانەت بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە .
شایانی باسە بنەماڵەی ناوبراو لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە توندی گوشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی سەبارەت بەم بابەتە هیچ هەواڵ و زانیاریەک بڵاو نەکەنەوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکی زۆر لە ئەگەری لەسێدارەدانی مێهراب عەبدوڵڵا زادە ، داوای سەرنجی خێرای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەی گوشار بخرێتە سەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارە .