بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠١-(١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ئاوایی “گامێشگۆلی” سەر بە میاندواو سێ شارۆمەندیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناوی ئەو کەسانەی گیراون بەم جۆرە راگەیەندراوە:
١. ئیسلام فەیزی تەمەن ٤٤ ساڵ و کوڕی حەبیب
٢. پەیمان تەهازادە تەمەن ٣٤ ساڵ و کوڕی عومەر
٣. ئەحمەد گورگی تەمەن ٤٣ ساڵ و کوڕی مەولوود
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزەکانی ئیتلاعات بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندانە لە ئاوای "گامێشگۆلی" و وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەو شارۆمەندانە، سووکایەتییان بە بنەماڵەکانیان کردووە.
هەروەها هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بریندار بوونی شانی "ئەحمەد گورگی"یان لە ژێر زەبروزەنگی هێزەکانی ئیتلاعات پشتڕاست کردووەتەوە و هەروەها ریانگەیاند هاوسەری ناوبراویش لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە سووکایەتی پێ کراوە.