مهاباد: رەحمەت ئابجامە بە دانانی بارمتە و شێوەی کاتی ئازاد کرا 

هانا: رۆژی پێنجشەممە ١٠ی خرمانانی ١٤٠١ – (١ی سیپتەمبری ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی رەحمەت ئابجامە خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی مهاباد، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی و تا رۆژی دادگاییەکەی ئازاد کراوە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ناوبراو رۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەتەوە لە مەیدانی ئیستقلالی مهاباد دەستبەسەر و رۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕ و ١ی ژولای ٢٠٢٢، بۆ لێپرسینەوە رەوانەی یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ورمێ کرابوو و پاش کۆتایی هاتنی لێپرسینەوە دیسان گواستبوویانەوە بۆ بەندیخانەی مهاباد. 

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، هۆکاری گرتن و تۆمەتگەلێک کە دراوەتە پاڵ رەحمەت ئابجامە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 
شایانی باسە ناوبراو لە کاتی بەندکرانیدا لە مافی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular