مستەفا حەمدی چالاکی مەدەنی کورد سزای ١٠ مانگ بەندکران و ٧٠ زەربە قامچی بە سەردا سەپێنرا

بە پێی ڕاپۆرتی زانیاریەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : مستەفا حەمدی چالاکی مەدەنی و میدیایی دانیشتووی سەقز لە لایەن لقی ١٠٥ی دادگای کەیفەری دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئارامی و ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردن لە ڕێورەسمەکان و گربوونەوە نایاساییەکان” بە ١٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٧٠ زەربە قامچی سزا دراوە .

مستەفا حەمدی تەمەن ٤٧ ساڵ ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە .

سزاکە لە رێکەوتی "٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣" بەم شارۆمەندە ڕاگەینراوە و ئەو ٢٠ ڕۆژ مەجالی یاسایی لە بەردەستە کە دەتوانێت داوای پێداچوونەوە بە سزاکەدا بکات .

بە پێی زانیاریەکان ئەم چالاکە میدیاییە کوردە و بەڕێوبەری کاناڵی (پرسمان)ی سەقز ، لە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ ، بەبێ هیچ جۆرە حوکمێکی دادگا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەلاری میلادی سەقز دەستبەسەر و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی بۆ گرتنگەی ئیدارەی گشتی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزراوە .
ناوبراو دوای پاش مانگێک دەستبەسەر کران ڕۆژی شەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی ئازاد کرابوو .
هانا ڕایدەگەینێت مستەفا حەمدی لە ماوەی دەستبەسەر کران و لێکۆڵینەوەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاسایی و پارێزەر تەنانەت بە پێی مەرجەکانی ئایینی دادڕەسی کەیفەری لە کۆماری ئیسلامی ، بێبەش بووە .

ئەم چالاکە مەدەنیە پێشتریش لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠ ، لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و بێڕێزی بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای بڵاو کردنەوەی بابەت و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان" بە ٢٤ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو .

سەرەڕای مەرجە یاساییە نێودەوڵەتییەکان بەپێی پەیمانی یاسایی مافی مەدەنی و سیاسی سەبارەت بە قەدەغەکردنی سزای دژە مرۆڤانە و نامرۆڤانە ، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە بەکارهێنانی قامچی وەک سزا .

RELATED ARTICLES

Most Popular