مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرت

هانا : مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە دەستبەسەر کراوانی شۆڕشی ژینا لە ناڕەزایی بەرامبەر پێڕانەگەیشتنی دادپەروەرانە بە دۆسیەکەی لە رێکەوتی ٢١ی خەرمانی ١٤٠٣ لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە .

مامۆستا خزرنژاد باوەڕی وایە ، شێوەی دەستبەسەر کرانی و شێوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی نادادپەروەرانە بووە و پێویستە لە دادگای تایبەتی رۆحانیەت بە دواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکرێت .

سزای سێدارەی مامۆستا خزرنژاد مامۆستای کوردی سوننە مەزەب کە لە لایەن لقی ٤١ی دادگای  باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتی قازی "عەلی رازیانی" پشتڕاست کرابووەوە لە دادگای باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و بە یەک دەرەجە تەخفیف بە بەندکران گۆڕدرابوو .

مامۆستا محەممەد خزر نژاد ، لە رێکەوتی "٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢" لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی "رەزا نەجەف زادە" بە تۆمەتی "هەوڵدانی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای زیان گەیاندن بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی وڵات ، ئەفساد فی الاعرض و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ١٦ ساڵ بەندکران و لە سێدارەدان سزا درابوو .

کۆتا کۆبوونەوەی دادگایی کرانی محەممەد خزر نژاد لە خەزەڵوەری ئەمساڵ بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بە بێ مافی دەستپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر بەڕێوە چوو .

ناوبراو لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرە ملێ ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جسمی و رۆحیدا بووە .

ئەم مامۆستا کوردە لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١" لەگەڵ کوڕەکەی یاسر ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو .

 مامۆستا خزر نژاد پاش قسەکردنی لە ڕێورەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد رەحیمی لە گیانبەختکردووانی شۆرشی ژینا لە شاری بۆکان ، دەستبەسەر کرابوو .

RELATED ARTICLES

Most Popular